ڕوانگە - جێگری پارێزگاری کرماشان باس لەوەدەکات، لە ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٧/٢١ بە ئامانجی بەڕێوەبردنی باشتری وزە، گۆڕانکاری لە کاژێرەکانی کاری فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگای کرماشاندا کراوە و ڕونیشیکردۆتەوە، دەوام
لە کاژێر ٦ بۆ ١١ ی پێشنیوەڕۆ دەبێت." جەلیل باڵایی، جێگری پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، "بڕیارەکە پێشنیازی لیژنەی بەڕێوەبردن و باشترکردنی وزەی ئەنجوومەنی پارێزگا بووە و لەلایەن پارێزگاریشەوە رەزامەندیی لەسەر دراوە و بەگوێرەی ئەو بڕیارە، کاتژمێرەکانی دەوامی دامەزراوە حکومییەکان، تاوەکو رۆژی پێنجشەممە ٣١ی تەممووز، لە کاتژمێر ٦ی سەر لە بەیانیێەوە بۆ ١١ی پێشنیوەڕۆ دەبێت."
وتیشی:" جگە لە بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەکان، فریاکەوتن و کەرتی تەندروستی، بڕیارەکە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان دەگرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەر بەپێی بڕیارەکە رێگەپێدان بە دواکەوتنی ئەو کارمەندانەش دەدرێ کە دایکن و منداڵی بچووکیان هەیە."
بەر لە دەرچوونی بڕیارەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە کەمبوونەوەی کارەبا و باشتر بەکارهێنانی وزە، بە شێوەی فەرمی کاتژمێرەکانی کار لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ٨ بۆ ١٤ بوو.
لە هاوینی پارەوە ئێران، دووچاری کێشەی کورتهێنانی کارەبا بووەتەوە و حکومەت بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، چەندین رێکاری وەکو بڕینی کارەبای ماڵان و کارگەکان، داخستنی قوتابخانە و فەرمانگە حکومییەکان و کەمکردنەوەی کاژێرەکانی کاری گرتووەتەبەر، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەکە بنبڕ بکات.