ڕوانگە - لەبارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هرێم و بەغدا لەسەر پرسی مووچە و نەوت، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، بەپێی ئەو ڕێککەوتنە، حکومەتی هەرێم پابەند دەكات بە رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەو رێكارەش لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتەوەو گەرەنتی خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە خەزێنەی فیدراڵی و بەپێی یاساو بودجە دەكات.
باسم عەوادی، وتەبێژیحکومەت عێراق، ئێوارەی دوێنێ دوشەممە، ٢٠٢٥/٧/٢١ ئاشکرایکرد:" ئەو ڕێککەوتنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆتای هێنان بە کێشەو گیروگرفتی چەندین ساڵەی نێوان هەردولا، هەروەها قۆناغێکی نوێیە كە دەستور و پابەندییە یاساییەكانی بودجە دەخاتەپێش هەر رێككەوتن و تێگەیشتنێكی سیاسی.
وتیشی: "بڕیارەكە پشت بەستوە بەو بنەمایانەی كە لە بودجەی سێ ساڵەدا هاتون و ئەم جارە بەشێوەیەك كارایە كە یاسا دەخاتە سەرو هەر ئیعتبارێكی سیاسی كە ئەوەش وەرچەرخانێكی نەوعییە، ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی دەقی بڕیارەكە، حكومەتی هەرێم پابەنددەكرێت بە رادەستكردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە كۆمپانیای سۆمۆ و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ بەكارهێنانی نێوخۆیی لە پارێزگاكانی هەرێم، سۆمۆ هەناردەی نەوتەكە دەگرێتە ئەستۆ و داهاتەكەی دەخاتە خەزێنەی گشتی كە خەزێنەیەكی یەكگرتوە.
باسم عەوادی ڕونیشیکردەوە، ئەم رێكارە لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا لەبارەی تەوتینكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دێتەوەو خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش لە خەزێنەی فیدراڵی و بەپێی یاسای بودجە، گەرەنتی دەكات، هەروەها ئەم ڕێککەوتنە میكانیزمی بەدیلی تێدایە بۆ گەرەنتیكردنی بەردەوامی پابەندییەكان، لەكاتی بونی كۆسپ بۆ هەناردەی نەوتی لەرێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە، ئەو بڕە نەوتەی كە بڕیاری لێدراوە لەلایەن هەرێمەوە رادەستی سۆمۆ دەكرێت بۆ ئەوەی هەوڵ بدات لە دەروازەی دیكەوە هەناردەی بكات.