ڕوانگە - سەرۆک کۆماری ئێران، لەبارەی ئەو بانگەشانەی کە ڕژێمی زایۆنیستی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەیکات، وتی: هەموو ئەوانە جگە لە خەیاڵ هیچی ترنییە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ لێدان لەقوڵایی ئیسرائیل".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند:"هێزەکانی ئێران ئامادەن بۆ لێدان لەقوڵایی ئیسرائیل، ئەو بانگەشانەشی بۆ نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران دەکرێن، تەنها خەیاڵەو هیچى تر".

وتیشی:"لەبەرامبەر ئەو زیانانەی کە ئیسرائیل بە ئێرانی گەیاندووە، ئێمەش زیانی زۆر گەورەمان بەوان گەیاندووە، بەڵام ئەوان ناوێرن زەرەر و زیانەکانیان ئاشکرابکەن".

پزیشکیان باسی لەوەشکرد، "داوای ڕاگرتنی شەڕ لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران براوەی ئەو جەنگەبوو، هەرچەندە ئێمه‌ جەنگمان ناوێت و باوەڕیشمان بەوەنییە كه‌ باسى ئاگربەست ده‌كرێت، بۆیه‌ ئێران ئه‌مجاره‌ زۆر بەبەهێزیی بەرگریی لەخۆی دەکات".

پزیشکیان  ئاشکرایشیکرد، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر وڵاتەکەمان هەبوە، بەڵام سودیان لەتەکنۆلۆژیاو تواناکانی ئەمریکا وەرگرتوە، هه‌موان ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانن کە ئێران ملکەچ نابێت، بەڵام باوەڕی بەدیپلۆماسی‌و گفتوگۆش هەیە.

سەبارەت بەهێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پزیشکیان وتی:"دۆناڵد ترەمپ دەڵێت لەهێرشەکاندا بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بەتەواوی لەناوبردوە، ئەمە خەیاڵە، چونکە توانای ئەتۆمیی ئێمە لەمێشکی زاناکانمانە نەک دامەزراوەکان، بەردەوامین لەپیتاندنی یۆرانیۆم‌و بەرنامە ئەتۆمییەکانمان، بەڵام لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، تارانیش ئەمە قبوڵدەکات، هەر دانوستانێکی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا، دەبێت لەسەر بنەمای بردنەوەو سەرکەوتن بۆ هەردولابێت".