ڕوانگە - تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا  بۆ کاروباری سوریا لە یەکەم هەنگاویدا خراپ شکستی هێنا. باراک چەند ڕۆژی پێشوو لە یەکەم دەرکەوتنیدا کە وتی "فیدڕاڵی بۆ سوریا و عێراق سەرکەوتوو نابێ" دڵی هەموو کوردی داخورپاند بە کوردی باشووریشەوە. بەڵام نەتەنیاهۆ وانەیەکی وەهای دادا یان ئەبێ ئەو کەسایەتییە ئەمەریکییە بگۆڕدرێت یان دەبێ گۆڕانی ڕیشەی لە بۆچوونەکانیدا بکات بەرامبەر سوریا و ناوچەکە. 

جارێ وادامەکێ ئەو لە یەک کاتدا نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا و باڵوێزی ئەمەریکاشە لە ئەنکەرە ئەوا گومانی تێدانییە لایەنگری سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی تورکیا دەکات. بەلانی زۆرەوە هەموو باڵوێزێک موجامەلەی ئەو دەوڵەتە دەکات کە تێیدا باڵوێزە. 

باوەڕم وایە، هێرشی ئەحمەد شەرع بۆ سەر دوروزەکانی سوەیدا بە پاڵنەری قسەکانی تۆماس باراک بوو. هێزەکانی شەرع بە دوو ڕۆژ کۆتاییان بە دروز هێنا، بەڵام بۆردوومانی گورچکبڕی ئیسرائیل نەک لە سوەیدا پاشەکشەی پێکرد بەڵکو خەونی مەرکەزییەتی تا ماوەیەکی دوور لەبیری تورکیا و "جۆلانی"یش بردەوە. 

لەڕاستیدا، تورکیا خاوەن پرۆژەی مەرکەزیەتە بۆ سوریا و ئیسرائیلیش بەتوندی دژیەتی. بۆیە پرۆژەکەی ئەردۆگان- شەرع- باراک کوردی باشوریشی ڕاچڵەکاند. بەتایبەت قسەکانی تۆم باراک دژی فیدڕاڵیزم لە تەوقیتێکی زۆر خراپدا بوو بۆ باشووری کوردستان کە خۆی لە کێشەی قوڵدا بوو لەگەڵ بەغدا. تەنانەت هەر دوای قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمەریکییە، هەندێ چاودێری سیاسی پێیان وابوو پلانگێڕییەکی گەورەی کارەساتبار چاوەڕێی کورد دەکات. وەلێ ناتانیاهۆ بە چەند درۆنێک و چوار موشەک هەمووی پوچەڵکردەوە.