ڕوانگە - ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی خۆی لەچوارچێوەی لەیەکتێگەیشتنی هاوبەش جێبەجێکردووه بۆیە دەبێت حکومەتی فیدراڵیش لە زووترین کاتدا مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بنێرێت.
ئەنجومەنی وەزیران بە ڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، هەڵوێستی بەرپرسانە و خۆراگریی خەڵکی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت کە تێگەیشتنی پێویستیان بۆ ئەم دۆخە ناهەموارە هەیە کە بە سەر هەرێمی کوردستان سەپێنراوە و بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەکی بەرزەوە، داکۆکی لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دەکات، بە شێوەیەکی ڕاستگۆییانە و بەرپرسانە کار بکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست و دوور لە چەواشەکاری ئەرکی خۆیان بەجێ بگەیەنن و نەبنە بڵندگۆی ئەو کەسانەی کار بۆ پشێوی و ئاشووب نانەوە دەکەن و هەمیشە پاساو و بیانوو بۆ ئەو زوڵم و ستەمە دەهێننەوە کە لە مووچەخۆران و خەڵکی کوردستان بە گشتی دەکرێت.
چوارشەممە 23ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
تەوەری سەرەکی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی جێبەجێکردنی دوا ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، کە حەفتەی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا پەسەند کراوە و تایبەتە بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم و هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتیی نانەوتی و میکانیزم و ڕێکاری تایبەت بە هەنگاوەکانی هاتوو لە ڕێککەوتننامەکە لەلایەن وەزارەت ولایەنە پەیوەندیدارەکان و لیژنە هاوبەشەکانی هەردوولا.
لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە میوانداریی لیژنەیەکی هاوبەش لە ( وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی) و ( وەزارەتی دارایی وئابووری/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەکان) و ( وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی/ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازیی ) و ( وەزارەتی ناوخۆ) کرابوو، لیژنەکە دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیان خستەڕوو سەبارەت بە دانانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی و هاریکاریی نێوان هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆری فیدڕاڵ و هەرێم لە چوارچێوەی تایبەتمەندیی و دەسەڵاتە دەستوورییەکان، بە جۆرێک لە چوارچێوەی ئەو ڕێكکەوتننامە هاوبەشە، بڕوانامەکانی پشکنینی کەلوپەل و بەرهەمەکان لە لایەن هەردوو دامەزراوەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی کاری پێدەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش، ڕێکارەکانیان یەکدەخەن و دەستەی پێوانەسازیی و کۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێمی کوردستان، لایەنی تایبەتمەند دەبێت بۆ ئەم بابەتە هاوشێوەی دەزگا هاوتاکەی لە حکومەتی فیدڕاڵ.
لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دەستخۆشیكردن لە لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنامەیە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدڕاڵ، بە کۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی ڕێککەوتنامەکەی دا و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ ئەوەی ڕێکاریی پێویست بگرنەبەر لە چوارچێوەی دەسەڵاتە دەستووریەکانی هەرێم و یاسابەرکارەکان لە هەرێم وەک ئەوەی لە کۆنووسی هاوبەشی لیژنەکەدا هاتووە.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە ئاسانکاریی و یەکخستنی ڕێکارەکانی پشکنین بە جۆرێک کۆتایی بەو ئاستەنگانە دێت کە هۆکاری کێشەکانی پەکخستنی جووڵەی بازرگانی و جموجۆڵ وئاڵوگۆڕیی بەرهەم و کەلوپەل و پێداویستیەکان بوون لە نێوان هەردوولا کە ببوە مایەی گلەیی وگازندەی هاوردەکاران و بازرگانان و خاوەن پڕۆژە بەرهەمهێنەرەکان لە ناوچەکانی هەرێم و فیدراڵ