ڕوانگە -  لەو ئاوانەی کە کەشتییە سەربازییەکانی ئێران دەوری تیادا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، نابێت بەهیچ شێوەیەک کەشتییە زەبەلاحەکەی ئەمەریکا کە لە کەنداوی عومان دایە، نزیکییان بێتەوە، ئەمە هۆشدارییەکی توندی سوپای ئێرانە، بۆ ئەمەریکا.

تەلەفزیۆنی فه‌رمى ئێران بڵاویکردەوە:" لەو کاتەدا کە کەشتییە سەربازییەکەی ئەمریکا "هەوڵیدا لەئاوەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئێران نزیک بێتەوە، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی ئێران، بەسەر کەشتیه‌كەدا  فڕیوە و هۆشداری ئەوەی پێداوە کە دەبێت لەئاوەکانی ئێران دوربکەوێتەوە".

باس له‌وه‌شكراوه‌، دواتر هێزەکانی ئێران فەرمانیان بە كه‌شتییه‌كه‌ کردوە "ڕێڕەوی خۆی بگۆڕێت بەرەو باشور، کەشتییەکەش ناچاربوه‌ بگەڕێتەوە دواوە".

له‌وباره‌یه‌وه‌ بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا باسی لەڕوداوێکی "سەلامەت‌و پیشەیی" لەنێوان کەشتییەکە و هێلیکۆپتەرێکی دەریایی ئێران "لەئاوە نێودەوڵەتییەکاندا" کردوه‌ و وتویه‌تى، "ڕوداوەکە هیچ کاریگەرییەکی نەبوە لەسەر ئەرکی کەشتیی زه‌به‌لاحی فیتزجێراڵد".