ڕوانگە ـ لەسەر دۆسیەی کوشتنی کەسێک و بریندارکردنی کەسێکی تر، مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتنی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد.
سەرکەوت ئەحمەد پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ هەینی ٢٠٢٥/٧/٢٥ هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لەڕووداوی کوشتنی هاوڵاتییەک و بریندارکردنی هاوڵاتییەکی تر لەگەڕەکی سەروەری شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو کەشف و هێڵکاری بۆ شوێنی ڕووداوەکە ئەنجامدراو کوژراوەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کراو بریندارەکەش بەمەبەستی چارەسەرکردن گەیەنرایە نەخۆشخانە.
وتیشی:"دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری تایبەتمەند پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کرایەوەو توانرا تۆمەتباری ڕووداوەکە بەناوی (ئـ، ن، م لەدایکبووی ٢٠٠٤) لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی کوشتن دەستگیربکرێت".
سەرکەوت ئەحمەد پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە: "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هۆکاری ڕووداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی شەڕو دەمەقاڵێ لەنێوان تۆمەتبارو هەردوو تاوانلێکراودا، تۆمەتبار بەچەقۆ هێرش دەکاتە سەریان و لەئەنجامدا یەکێکیان دەکوژێت و هاوڕێکەشی بریندار دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.