ڕوانگە - ئیمانۆئێل سەرۆکی فەڕەنسا لە گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆک کۆماری سووریا جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە؛ زۆر گرنگە دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سووریا بە نیازپاکی بەرەوپێش بچێت.
دەقی ڕاگەیەندراوی ماکرۆن لەبارەی گفتوگۆ تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع:
قسەم لەگەڵ سەرۆکی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع کرد.
توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی سووریا، ناسکیی زۆری قۆناغی گواستنەوەمان بیر دەخاتەوە. پێویستە هاووڵاتییانی مەدەنی بە هەموو شێوەیەکی گونجاو بپارێزرێن.
زۆر پێویستە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم توندوتیژییانە بکرێت و ئەنجامدەرانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت ڕێکاری دادوەری دەست پێ بکات لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی لیژنەی سەربەخۆ سەبارەت بە توندوتیژی لە ناوچەی کەناراوەکان.
ئاگربەستی سوەیدا هەنگاوێکی ئەرێنییە. پێویستە ئێستا گفتوگۆیەکی هێمنانە ببێتەهۆی بەدیهێنانی ئامانجی یەکخستنی سووریا لەگەڵ ڕێزگرتن لە مافی هەموو هاووڵاتییانی.
لەگەڵ سەرۆکی سووریا باسمان لە پێویستیی بەپەلەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی کرد بە هاوکاریی لایەنە ناوخۆییەکان، لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیدا بۆ حوکمڕانی و ئاسایش.
زۆر گرنگە دانوستانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەسەڵاتدارانی سووریا بە نیازپاکی بەرەوپێش بچێت.
گفتوگۆ سێقۆڵییەکانی دوێنێ ڕێگەیان خۆشکرد بۆ دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو.
دووپاتم کردەوە لە پابەندبوونمان بە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا. لەم چوارچێوەیەدا، باسمان لە گفتوگۆکان لەگەڵ ئیسرائیل کرد. پێکەوە پشتیوانیمان دەربڕی بۆ بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەسەر سنووری سووریا-لوبنان. فەرەنسا ئامادەیە بۆ پشتیوانی لەم هەوڵانە.
لە کۆتاییدا، ستایشی پابەندبوونی سەرۆک شەرعم کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جەختم لە گرنگیی هاوکاریی هاوبەش کردەوە لەم بوارەدا.