ڕوانگە - وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندندنی باڵای حکومەتی فیدراڵی بۆ وەرگێڕانی پرسیارەکانی بۆ زمانی کوردی لە زانکۆکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالە بە بڕیارێکی نادروست وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت:"ئەم بریارە ی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵی بۆ قەدەغەکردنی میکانیزمی وەرگێڕانی پرسیارەکان لەتاقیکردنەوەکان و وانە وتنەوەکاندا،دژ بە پرەنسیپەکانی پێکەوە ژیان و رێز نەگرتنیشە لە کلتوروفەرهەنگی نەتەوە ناعەرەبەکانی ناو دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ."
دکتۆر ئارام قادر وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:"بەتوندی سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵی دەکەم، چونکە ئەو بڕیارە گەرانەوەیەکی مەترسیدارە بۆکلتوری بەعسیزم وناوەند گەرایی،کە ئەو قۆناغە لە زیهنییەتی گەلانی عێراق دا راپێچی ناو ئەرشیفەکانی مێژو کراون."
دکتۆر ئارام قادر وەزیری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد:"پێویستە هەمولایەک ئەو راستیە باش بزانن کە هەرکەس ولایەنێک رێز لەکلتورو زمان و فەرهەنگی نەتەوەکەمان نەگرێت،ئێمە ش بەهەمان پرەنسیپی «العین بالعین،والسن بالسن» مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و کولتورو زمانیان دەکەین."