ڕوانگە - کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی زیاتر دەدات بۆ برەودان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆی گەشتیاران.
لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ دووشەممە ٢٨ی تەمووزی ٢٠٢٥ی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتیی ڕەزا ڕەحمانی، پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ورمێ) و فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر جەخت لەسەر ئەوبابەتەکرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەی نێوان هەردوولادا، بیروڕا لەبارەی برەودان بە پەیوەنديی دوولایەنە بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئاسانکاریکردن بۆ هاتووچۆی گەشتیاران لەنێوان هەردوولادا کرا.
دوای تەوەوبوونی کۆبوونەوەکە شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ هاوکاریکردن و ئامادەکارییەکانی پێشوازیکردن لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ شوێنە پیرۆزەکانی عێراق.