ڕوانگە - کورد بە گشتی، پارتی بە تایبەتی لە دروستبونەوەی عێراقی پاش سەدامەوە، هەتا بێت کارتەکانی بەرامبەر بەغدا بە دەستی خۆی دەسوتێنێت. بۆچی ئەم هێزە ئەم هەموو کارتە بەهێزانەی یەک لە دوای یەک دەسوتێنێت؟

دانوستان لە دونیادا، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەر بنەمای هێزە. هەتا هێزت زیاتر بێت، زیاتر بە دەست دەهێنیت. هێز فرە جۆرە، سەربازی، ئابوری، دیموگرافی، کەلتوری، شەرعیەت، دیپلۆماسی و حەکایەت. 

کورد کە سەدام ڕوخا بەهێزترین هێزبوون. زۆرترین پاڵپشتی ئەمریکییان هەبوو. پاشان بوون بە خاوەن پێگە و پۆست و توانای دارایی باش. ئینجا بوون بە خاوەن نەوت و غاز. هەموو ئەمانە کارت بوون دژ بە بەغدا. لە شەڕی داعشدا کارتەکان زیادیان کرد. 

بەڵام پاش شەڕی داعش گەورەترین هەنگاوی سوتاندنی کارتەکان دەستیان پێکرد کە خۆی لە ڕیفراندۆمدا بینییەوە. لەوێدا کارتی جودابونەوە، کارتی پشتیوانی نێودەوڵەتی، کارتی بوون لە هەناو حکومەتی عێراقیدا، لە ناو سوپادا، هەموو کۆتاییان هات. کورد وەک هێزێکی پراگماتیزمیی کۆتایی هات.

پاشان کارتی نەوت و هەناردەی نەوت و دیپلۆماسی نەوت کۆتایی پێهات. بۆ نمونە کاتێک ئەو دوو کۆمپانیایەی کە ئەم دواییە گرێبەستیان کرد لە گەڵ هەرێمدا و هەرێم خراپترین سزا درا، هەر زوو ئەمریکییەکەیان چوو بۆ لای سودانی و لە گەڵ ئەویشدا گرێبەستی کرد، بەو مانایە ناتوانرێت ئەو کۆمپانیایە وەک کارت بەرامبەر بەغدا بەکار بێت.

دوا کارت کشانەوە بوو لە بەغدا، ئەویش سوتا.

  ئێستا کارتێک مابێت ئەمریکایە، یان ئەم ئیدارەیەیە. پارتی وەک چۆن هەموو کارتەکانی تری سوتاند بەبێ دەستکەوت، بەرەو ئەوە دەچێت ئەم کارتەش بسوتێنێت. 

هۆکاری هەر سەرەکی سوتانی هەموو ئەم کارتانە نەبونی توانا یان خواستی دیومکراسی بوونە لە کوردستان.

ئەگەر دیموکراسی بونی هەبێت، دەزگا و ڕای گشتی و حوکمی یاسا و خەڵک بونیان هەیە. کاتێک ئەمانە بونیان هەیە، ئەوا پێویست بەم جۆرە سیاسەتە نیە.