ڕوانگە - سبەی چوارشەممە، لەکۆبونەوەی ئاسای خۆیدا ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکی گرنگەوە دەکات.
بەگوێرەی زانیاریەکان، لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی وەزیراندا، گفتوگۆ لەبارەی چۆنیەتی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی شەش و حەوت و هەروەها پرسی هەناردەکردنی نەوتەوە دەکرێت.
بەپێی کارنامەی کۆبوونەوەکە، سەرەتا ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی هەنگاوەکانی خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی 2025 دەکات، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هاوبەشانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەریکردوون. هەر لەو بڕگەیەدا، بەدواداچوون بۆ کارەکانی لێژنە و تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەولێر و بەغدا دەکرێت، دواتریش گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێت لەبەر رۆشنایی ئەو دوو بڕیارە هاوبەشەی کە پێشتر لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا دەرکراون.
هەربەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، کۆتا بڕگەی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی چەند پێشنیازێکی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە خزمەت، خانەنشینی، مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، کە لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە پێشکەش دەکرێت.