ڕوانگە - سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، بەڵام تائێستا گرژی و ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە کۆتای نەهاتووە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٥/٧/٣١ لە ڕاپۆرتێکدا ناوەندی ئۆرشەلیم بۆ ئاسایش و کاروباری دەرەوە ئاشکرای کردووە:" ئامادەکارییە سەربازییەکان بەنهێنی بەردەوامن و تەواوی ناوچەکە لەسەر بەرمیلە بارووتێکە کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە.”
ئەوەشخراوەتەڕوو:" ئێران هێشتا توانای هەڵدانی سەدان مووشەکی بالیستیکی هەیە بەرەو ئامانجە ستراتیژییەکانی ناو خاکی ئیسرائیل، بەڵام هێرشێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی وەڵامێکی زۆر توند و وێرانکەری ئیسرائیل دەبێتەوە.
بەپێی شیکارییەکانی ناوەندەکە، بەرپرسانی ئەمنی لە هەردوو وڵات باسی دەستپێکی “قۆناغێکی نوێ”ی ململانێی دوولایەنە دەکەن، کە بەڕێگرییەکی دوولایەنەی ناسک و پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئەگەری لە داهاتوودا دیاری دەکرێت، لەنێو کاریگەرییەکی گەورەی ڕووداوە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، ئیسرائیل خێرایی بەرهەمهێنانی مووشەکە بەرگرییەکانی “ئارۆ” (Arrow)ی زیادکردووە و ئامادەیی سیستمەکانی وەک “قوبەی ئاسنین” و “کەوانچەی داود”ی بۆ ئاستێکی بەرزتر بەرز کردۆتەوە.
لە بەرامبەردا، ئێران خۆی بۆ گەڕێکی نوێی شەڕ ئامادە دەکات لە ڕێگەی نوێکردنەوەی جبەخانە سەربازییەکەی و هەوڵدان بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی و سیستمی بەرگری لە چین، ناوەندەکە ڕوونیکردەوە ئێران، دوابەدوای هێرشە کتوپڕەکەی ئیسرائیل لە ١٣ی حوزەیران، بیر لە ئەنجامدانی گورزێکی پێشوەختەی تۆڵەسەندنەوە دەکاتەوە.
هەروەها مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە، هۆشداریدا کە تاران بە “گورزێکی بەئازار” وەڵام دەداتەوە کە ناوەندە گرنگەکانی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج ئەگەر ڕووبەڕووی هێرش ببێتەوە.