ڕوانگە - قەڵای نووگرە سەلمان یەکێکە لە زیندانە دێرینەکانی عێراق، لە نزیک شارۆچكەی سەلمان لە بیابانی پارێزگای موسەننا لە عێراق لەلایەن بەریتانیاوە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو درووستکراوە، یەكێكە لەو زیندانانەی، كە هاوڵاتیانی كوردی تێدا كۆمەڵكوژكراوە، بەتایبەتی لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە.
قەڵای نووگرە سەلمان یەکێکە لە زیندانە دێرینەکانی عێراق و دەکەوێتە نزیک سنووری عێراق و سعوودیە و كیلۆمەتر و نیوێك لە شارۆچكەی سەلمان لە بیابانی پارێزگای موسەننا دوورە و لەلایەن بەریتانیاوە لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو درووستکراوە.
نووگرە سەلمان یەكێكە لەو زیندانانەی، كە هاوڵاتیانی كوردی تێدا كۆمەڵكوژكراوە، بەتایبەتی لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا، كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەرانبەر هاوڵاتیانی كوردستان بەتایبەتی دانیشتووانی گەرمیان ئەنجامدراوە.
لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا هاوڵاتییە ئەنفالكراوەكانی كوردستان گواسترانەوە بۆ باشووری عێراق و پێش زیندە بەچاڵكردنیان لە ناو زیندانی نووگرە سەلمان وەكوو دوا قۆناغی ژیان و ئامادەكردنیان بۆ كۆمەڵكوژی دادەنران.
لەم زیندانەدا بە هەزاران پیر، گەنج، مناڵ و ژن لە برسێتی تینوێتیدا یان لە ئەنجامی ئەشكەنجەداندا گیانیان لەدەستداوە و لە دەوروبەری قەڵاكەدا چەندین گۆڕی بە كۆمەڵی تێدایە، كە بەشێك لەوانە هەڵدراونەتەوە و بەشێكی دیكەشیان تا ئێستا هەڵنەدراونەتەوە.
لە شاڵاوەكانی ئەنفالدا ڕژێمی بەعس ئەم قەڵا سەربازییەی وەك دوایین وێستگەی پێش كۆمەڵكوژی بەكاردەهێنا و یەکێک بووە لە مەترسیدارترین زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ژیانی چەندین کەس تێیدا کۆتایی هاتووە، ئەنفال کراون، بێسەروشوێن کراون و بە خراپی ئەشکەنجە دراون، چەندین کەسیشیان لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا گیانیان لەدەستداوە و خواردنی سەرەكی زیندانیەكانی نوگرە سەلمان سەموون و ئاو بووە.
لە کاتی چەوساندنەوەی کوردانی فەیلی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەشێكی زۆر لە هاوڵاتیانی كوردی فەیلی گواسترانەوە بۆ زیندانی نوگرە سەلمان و بەتایبەت پیاوان لە كەسوكاریان جیاكرانەوە و زۆرینەیان كۆمەڵكوژكران .
لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ سەدان زیندانی لە هەڵەبجەوە گواسترانەوە بۆ نووگرە سەلمان کران، كە دەستگیركراوەكان لە هەموو تەمەنێک پێكهتابوون و بەشێكی زۆری ئەوانەش كۆمەڵكوژكران.
هەروەها، لەكاتی پرۆسەی ئەنفالدا بەشێكی زۆری هاوڵاتیانی ناوچەی بارزان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بۆ قەڵای نووگرە سەلمان گواسترانەوە و لەوێ بۆ كۆمەڵكوژكردن ئامادەكران.
بەپێی وتەی ئەوانەی لە پرۆسەی ئەنفالدا ڕزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی، کە لە ئەنفالدا دەستگیرکران لە تۆپزاوا کۆکراونەتەوە و دواتر گەنجەکان لەلایەک و ژنان و منداڵان و بە تەمەنەکانیش لە لایەکی دیكە جیا کراونەتەوە، گەنجەکان بە پاسی تایبەت بەرەو زیندەبەچاڵکردن ڕەوانە کراون و ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی نووگرە سەلمان گواستراونەتەوە.
بەپێی وتەی ڕزگاربووەكان ئەو هەزاران كەسەی لە زیندانی نووگرە سەلمان دەستبەسەر بوون، ڕۆژانە ئازاری دەستی جەلادێکی بەعسیان دەچەشت، بە ناوی عەجاج تکریتی، کە سەرپەرشتیاری زیندانی نووگرە سەلمان بوو و لەسەردەمی بەرپرسیارێتی ئەودا ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیان بە سەختی دراوە.
دوێنێ نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ڕایگەیاند، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق تواندراوە عەجاج تکریتی، کە لە نووگرەسەلمان ببووە جەلادی سەر کوردان دەستگیربکەن، داواش لە کەسوکارانی ئەنفالکراوان و زیندانییان كراوە، سکاڵای یاسایی لەسەر عەجاج تۆمار بکەن.
جێگای ئاماژەیە، لە ئێستادا زیندانی نووگرە سەلمان لە ئێستادا چۆڵە و بۆ هیچ مەبەستێک لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەكار ناهێندرێت، بەڵام لەسەر دیوار، ڕاڕەوەكانی و هۆڵەكانی نووسین و وێنەی هەڵكۆڵراو و هێمای زیندانییەكان ماون، هەرچەندە وەك چاودێران دەڵێن، ئەو شوێنەوارانە وەكوو پێویست هەڵنەگیراون و بە بەڵگە نەكراون.