ڕوامگە - کێبڕکێ_بۆ_بردنەوە_ڕەوایە لە هەر بوارێکدا بێ، بەمەرجێ پابەندی ئەخلاق، یاسا ڕاستی و ڕێز بێ

 *هەڵبژاردن: پرۆسەیەکە مێژووی هەیە و بە دەستوور و یاسا و عورف ڕێکخراوە، ئایین پاڵپشتی دەکات، دام و دەزگاو ڕێکاری تایبەتی بۆ دانراوە، کات و سووڕی خۆیی هەیە و ٤ ساڵ جارێک بەڕێوەدەچێ و گەر دۆخی سیاسی جێگیربێ و هەڵبژاردنی پێشوەختە، یان دواخستن ڕوونەدات و لە ژير چاودێری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا دەبێ!

  *هەڵبژاردن چوار پایەی سەرەکی هەیە، ئەوانیش :
یەکەم/ دەنگدەر - تۆ !
دووەم/ بەربژێر - کاندیدا
سێیەم/ دەستەی هەڵبژاردن
چوارەم/ سیستەمی هەڵبژاردن

_دەنگدەر- ناخب: لە سیستەمی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، مرۆڤە عاقڵەکان ڕێیان پێدراوە مافی دەنگدان پیادە بکەن و بەشداری سیاسی بکەن، ئەوانەی کە شیاوێتی بەرپرسیارێتییان هەیە، نەک مرۆڤی بەخشراو و نەشیاوەکان لە ڕووی عەقڵ و بەرپرسیارێتی یاساییەوە، چونکە تێیدا سازش لەسەر بەشێک لە دەسەڵات و ئیرادەی خۆیان دەکەن و دەیبەخشنە نوێنەرەکانیان، کە لە بری ئەوان بڕیار دەدەن لە پرسە جیاوازەکاندا

_بەربژێر-مرشح: ئەو کەسە ژیر، خوێنەوار، پێگەیشتوو، جێباوەڕ، ڕۆشنبیر، بێ بەرژەوەندی و بێ پێشینەی تاوان و ئەستۆپاکەیە، کە شایستەی متمانەپێکردنە و بەرپرسیارە لە هەڵگرتنی ئەو ئەمانەتەی کە تۆی دەنگدەر دەیخەیتە ئەستۆی و بە شەرەف و گیانی پارێزگاری لێدەکات و نوێنەرایەتی بەرژەوەندی گشتی دەکات.

_دەستەی هەڵبژاردن-الهيئة الانتخابية: بریتییە لەو دەستە پیشەیی و سەربەخۆ و بێ لایەنەی کە بە پێی دەستوور، لە کەسانی پسپۆر و بێ لایەن پێک دێ و ناوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە لە عێراقداو بەپێی بەندی یەکەم لەماددەی(٦٢) و بەندی سێیەم لەماددەی (٧٣)ی دەستوور ، یاسای ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠٢٠ بۆ دەرچوێنراوە.
دەزگایەکی حکومی عێراقییە، کەسایەتییەکی یاسایی و سەربەخۆیی دارایی و ئیداریی هەیە و کەوتۆتە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە. بەرپرسیارە لە دامەزراندنی ڕێسا و ڕێنماییە پەسەندکراوەکانی هەڵبژاردن، هەروەها لە ڕاگەیاندن و ڕێکخستن و جێبەجێکردنی هەموو جۆرە ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنە فیدراڵی و هەرێمی و ناوخۆییەکان لە سەرتاسەری عێراق، لە ڕێگەی نووسینگەی نیشتمانی و ٢٠ فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانییەوە کە لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراقدا ، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بێلایەنانە بڵاوبوونەتەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

_سیستەمی هەڵبژاردن: سیستەمی هەڵبژاردنی عێراق لە ئێستادا، پشت بە لیستی کراوە و سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی دەبەستێت. عێراق دابەشکراوە بەسەر (٨٣) بازنەی هەڵبژاردنی فرە ئەندامدا، کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کە ژمارەیان (٣٢٩) کورسییە، بەپێی ژمارەی دەنگەکانی هەر کاندیدێک یان لیستی هەڵبژاردنەکان تەرخان دەکرێت. هەروەها یاساکە گەرەنتی پشکی 25% بۆ (کۆتا)ی ژنان دەکات، (9) كورسيش بۆ کەمینەکان تەرخانکراون.

     پاشان هەڵبژاردن پرۆسەیەکی کێبڕکێ ی شارستانییە، نەک شەڕ!
خۆی بۆیە هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێ بۆ ئەوەی شەڕ و تەنگەژە ڕوو نەدات و هەرکەسەو مافی خۆی لەڕێی بەشداری کردن لە دەسەڵات بەرکەوێ، لەڕێی بەخشینی متمانە بە نوێنەرەکانیان ! .. کەچی لە کۆمەڵگەی دواکەوتوودا، دەبێتە چەق و قۆرخی شەڕەکان!
ئەگەر لە ماوەی بانگەشەدا، دروشم و گوتارو بەڵێنی لایەنەکان توند و خێرا و کاریگەربوون، ئەوا سەردەکێشێ بۆ ململانێ، بەڵام هێشتا ڕەوا نییە بگاتە توندوتیژی و شەڕ، چونکە عەیبەیە بۆسەر ڕەفتاری شارستانی!

ئەرکی مرۆڤی ژیرو ڕۆشنبیرو هوشیارە، بەرپرسیارانە ڕەفتار لەگەڵ ئەم مافەیدا بکات، بزانێ متمانەو ئیرادەی خۆی بە کێ دەبەخشێ!