ڕوانگە - سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوەدەکەن، بۆ یەکەمین جارە ئێران تاقیکردنەوەی ڕاستەوخۆی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 "Triumph"ی دروستکراوی ڕوسی ئەنجام دەدات و توانای خۆی بۆ بڵاوکردنەوەی یەکێک لەپێشکەوتوترین سیستمی موشەکیی زەوی بۆ ئاسمانی لەجیهاندا لەبارودۆخێکی مەیدانیی ڕاستەقینەدا نیشانداوە.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ماڵپەڕی Birunی ئێرانی تایبەت بەکاروباری بەرگریی، ئێران لە 26ی تەمموزی 2025، بۆ یەکەمجار سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕوسی S-400ی بەشێوەیەکی کردەیی تاقیکردوەتەوە.

هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم تاقیکردنەوەیەش لەنزیک شاری ئه‌سفەهان ئەنجامدراوە کە نزیکەی 440 کیلۆمەتر لەباشوری تارانەوە دورەو گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە.

شایەنی باسە، ئەم هەنگاوەی ئێران،  وەک پەیامێکی ڕون بۆ ئیسرائیل‌ و ئەمریکا لێکدەدرێتەوە کە چیتر ئاسمانی ئێران کراوەنییە بۆ هاتنەناوەوەی فڕۆکەکانیان.