ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لە بارەی پرسی ئاو و ئامانجەکانی تورکیا لە خوڵقاندنی قەیرانی ئاو لە عێراق، هەروەها، بێدەنگی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرامبەر بە تورکیا و پاشان کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لە سەر ژینگەی عێراق و بە تایبەت هەرێمی کوردستان،دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕی ژینگە و ئاو، ڕایگەیاند:" لە دواى ڕوخانى دەسەڵاتى عوسمانى و دروستبوونى دەوڵەتى تورکى لە شوێنی جوگرافى دیاریکراوى خۆى، دەرکەوت کە وڵاتى تورکیا جیاواز لە گەڵ وڵاتانى ناوچەکە خاوەن هیچ سامانێکى سروشتى گرانبەها نییە وەکو نەوت و گاز، بەڵکو تەنها خاوەن سەرچاوەیەکى گەورەى ئاوە، کە ئەو کات ئاو بەهایەکى ئەوتۆى نەبوو لە ناوچەکە. بۆیە لە دواى جەنگى جیهانیی یەکەم ودووهەمەوە، شارەزایان و سیاسەتمەدارانى تورکیا، پلانى ئەوەیان داڕشت، کە ئاو بکەنە سەرچاوەیەکى گرنگ وپێشبڕکێى نەوت بکات لە داهاتوودا. بۆیە ئەگەر مێژووى پلانى بونیاتنانى (پرۆژەى گاپ) دەگەڕێتەوە بۆ چلەکانى سەدەى ڕابردوو. ئەو پرۆژانەى لە سەر روبارەکانى دیجلەو وفرات وزێى گەورە دروستکراوە و دروستدەکرێت، هەمووى پرۆژەى فرەمەبەستە، واتا تەنها بەنداو نییە بۆ کۆکردنەوەى ئاو، بەڵکۆ بەنداوە بە هەموو پێکهاتەکانى وەکو یەکەى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا، پرۆژەى ئاودێرى بۆ بووژانەوەى زەوییە کشتوکاڵییەکان وبەرزکردنەوە بەرهەممە کشتوکاڵییەکان و گرنگیدان بە سامانى ماسی، هەروەها دروستکردنى ناوچەى گەشتیارى جیاواز لە سەر بەنداوەکان. ئەمە جگە لەوەى کە هەندێ لە ناوچە مێژووییەکانى کوردستان لەناودەبات بە ژێرکەوتنى لە ناو هەندێ لەبەنداوەکان وەکو ناوچەى (حەسەن کێف).
وتیشی:"ئەگەر سەیرێکى مەبەستەکان بکەین لە دروستکردنى ئەو بەنداوانە ئەوە بۆمان دەردەکەوێت کە تورکیا لە داهاتوودا ئاو بەبێ بەرانبەر بەرناداتەوە، بەڵکو عیراق ناچار ئەکات کارەباى لێ بکڕێت وهەروەها عیراق وەکو ناوچەیەکى بازرگانى بۆ بەرهەممە کشتوکاڵییەکانى دەبینێت. دواى ئەوەى کە عیراق تواناى نامێنێ لە دابینکردنى بەرهەمەکشتوکاڵییەکان ئەوە ناچارى دەکات ڕوو لە تورکیا بکات بۆ پڕکردنەوەى پێداویستى ناوخۆ لە خۆراک. ئەمە جگە لەوەى کە تورکیا لە ناوەڕاستەکانى سەدەى ڕابردووەوە دروشمى (ئاو بەرانبەر بە نەوت)ى بەرزکردوەتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا پلانى هەیە ئاو بفرۆشێتە وڵاتانى کەنداو لە ڕێگەى پرۆژەى ئاوى (ئاشتى)یەوە. ئەمانە هەر هەمووى دواى تەواوکردنى پرۆژەى (گاپ) ئەنجامدەدرێت کە تا ئێستا نزیکەى ٩٥% تەواو بووەو تەنها بەنداوى (جەزرە)ى ماوە کە ئەکەوێتە دوورى ٤٠کم لە سنورى عیراق وهەرێمى کوردستانەوە."
عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، ڕونیشیکردەوە:" بەتەواوبوونى ئەو بەنداوە تورکیا پلانەکانى ئەخاتە بوارى جێبەجێکردنەوە. جگەلەوەش لە ئێستادا تورکیا دەیەوێ لە ڕێگەى کۆمپانیاکانییەوە پرۆژەکانى ئاو و ئاودێرى لە عیراق وهەرێمى کوردستان وەرگرێ وتەنانەت ڕێکەوتنى لە سەر کراوە. ئەمانە هەمووى ئاماژەن بۆ ئەوەى کە تورکیا پلانى گەورەى هەیە لە عیراق و واى دەبینێ کە عیراق، بازارێکى زۆر گرنگە بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمەکانى و ورگرتنى نەوت وغاز لە بەرانبەر پیدانى ئاو، هەروەها لە ڕووى سیاسیەوە کۆنترۆڵى عیراق دەکات."
عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕی ژینگە و ئاو، ئاشکرایشیکرد:"عیراق وڵاتێکى بێ سەروەرییە وتواناى ئەوەى نییە ڕووبەڕووی تورکیا ببێتەوە بۆیە زۆر نەرمى نواندووە لە ئاست وەرگرتنى مافی مێژووى خۆى لە روبارەکانى دیجلەو وفورات بە پێچەوانەى وڵاتانى تر کە هەممان کێشەیان هەیە لە رووبارە نیودەوڵەتییەکان وەکو میسر وپاکستان. هەروەها تورکیا پابەندى هیچ ڕێکەوتنێک ویاساییەکى نێودەڵەتى نابێ وئیمزاى لە سەر هیچ لەو ڕێکەوتن ویاسایانە نەکردووە بۆ ئەوەى هیچ پابەندییەک لە سەرى نەکەوێ."
عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕی ژینگە و ئاو، باسی لەوەشکرد:"تورکیا پێى وایە کە دیجلەو فورات وزێى گەورە روبارى نێودەوڵەتى نین بەڵکو ئەو رووبارانە موڵکى خۆین وتەنها سنوری تورکیایان تێپەڕاندووە (انهار وطنية عابرة للحدود). لەبەرانبەردا پێى وایە کە رووبارى (عاسی) کە لە سوریاوە سەرچاوە دەگرێت رووبارێکى نێودەوڵەتییە وداواى مافی مێژوویی خۆى دەکات لەو رووبارە، ئەمەش سیاسەتێکى دووفاقییە."
عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، ڕونیشیکردەوە:"لە ئێستادا عیراق لەبەر ئەوەى وڵاتێکى پڕ کێشەو گرفتە وبێ سەروەرییە بۆیە تەنها بەوە ڕازییە کە تورکیا لە هاویندا ئاو بەربداتەوە بە ڕێژەیەکى دیاریکراو وقەرانى ئاو لەوە گەورەتر نەبێتەوە، وڕازییە بەهەموو سیاسەتەکانى تورکیا لە ئاوەزێڵى دیجلەو فورات، ئەگینا بەهیچ شێوەیەک نە فشارى کردووەو نە نیازى هەیە لە دادگا نێودەوڵەتییەکان سکاڵا تۆمار بکات وداواى مافی مێژوویىى خۆى بکات لە ئاوى رووبارەکان."
مامۆستاکەی زانکۆ باسی لەوەشکرد:"گرتنەوەو کۆنترۆڵکردنى ئاوى روبارەکانى دیجلەو فورات قەیرانی زۆر گەورەى لە عیراق دروستکردووە وەکو کەمبوونەوە داهاتى ئاو بە تایبەتى لە ناوەڕاست وباشوورى عیراق، و زۆربەى زەڵکاوەکانى عیراق ووشکیان کردووەو بوونەتە بیابان، ونزیکەى نیوەى زەوییە کشتوکاڵییەکانى عیراق بوونەتە بیابان بە هۆى کەم ئاوییەوە. تەنانەت کێشەو گرفت لە نێوان شارو شارۆچکەکانى عیراق دروستبووە لە سەر سەرچاوەکانى ئاو، هەروەها لە نێوان جوتیارەکان. تەنانەت خەڵکى باشوورى عیراق لە ئێستادا داواى بەردانەوەى ئاو لە بەنداوەکانى ناوەڕاست وڕۆژئاوى عیراق دەکەن وەکو بەنداوى سامەڕا ووەڕار وحەدیسە بۆ دەربازکردنیان لە کێشەى کەم ئاوى. ئەمەش لە ساڵانى داهاتوودا گرفتى زۆر گەورە لە عیراق دروست دەکات لە هەموو ڕوویەکەوە بە تایبەتى کۆمەڵایەتى ودوور نییە ناکۆکى سەرهەڵداتەوە لە نێوان باشور وناوەڕاست یا هەرێم وناوەڕاستى عیراق. پێشتر عیراق ساڵانە بەلانى کەم خاوەن زیاتر لە ٧٥ ملیار م٣ بوو لە ئاو کە عەمبارکرابوون لە بەنداو و زەلکاوەکان، بەڵام ئێستا تەنها ٨% لەو بڕە ماوەتەوە لە بەنداوەکان، وپێشتر ساڵانە داهاتى دیجلەو فورات ٢٣ و ٤٢ ملیار م٣ بوو بەڵام لە ئێستادا دابەزیووە بۆ کەمتر لە ٥ و ٦ ملیار م٣. ئەمەیە کارەسات ودەبێ چاوەڕوانى کارەساتى قووڵتر بکەین."
عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان و پسپۆڕی ژینگە و ئاو، ڕونیشیکردەوە:" لە ساڵانى داهاتوودا بە هۆى سیاسەتى خراپى بەڕیوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو وسیاسەتى خراپى دەرەوەى وڵات وهەروەها گۆڕانکارییەکانى کەش وهەوا تایبەت بە هەرێمى کوردستان پرۆژەى گاپ لە تورکیا تەنها بەڕێژەیەکى کەم کاریگەرى لە سەر هەرێمى کوردستان هەیە بە تایبەتى کاریگەرى لە سەر ئاوى ژێر زەوى دەبێت. بەڵام بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئەو پرۆژەیە کاریگەرى گەورەى دەبێت لە سەر هەرێم لە داهاتوودا، بە هۆى ئەوەى کە خەڵکى باشوور وناوەڕاستى عیراق دووچارى کەم ئاوى وتێکچوونى ژینگە دەبنەوە وبەناچارى ڕوو دەکەنە هەرێمى کوردستان (کۆچى ژینگەیى) کە لە دوایدا دەبێتە هۆی تێکچونی دیموگرافی هەرێم و کێبڕکێ لەسەر سەرچاوەکانی ئاو و سەرچاوە سروشتیەکان و تەنانەت خۆراک، لەلایەکی ترەوە تورکیا چەند بەنداو و پرۆژەیەکی گەورەی لەسەر ڕووباری زێی گەورە دروستکردووە، کە بە پرۆژەی چاڵدێران ناسراوە و کاریگەری زۆردەبێت لەسەر ڕووباری زێی بچووک و ئاوی ژێر زەوی لە هەولێر و دەوروبەری، لە ئێستادا لە هەرێم قەیرانی ئاومان هەی، بەڵم لە زۆر ناوچەکانی تری عێراق باشترین، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان کێشەی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاومان هەیە نەوەک بڕی ئاو."