ڕوانگە - ئەمەریکا نیگەرانی خۆی بەرامبەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق ناشارێتەوه و لە بەرامبەریشدا، سەرۆکی دەستەی حەشد داوا لە سەرۆک و ئەندامانی پەڕلەمانی عێراق دەکات ئەو یاسایەی کە لەبارەی حەشدەوە براوەتە پەڕلەمان، تێی بپەڕێنن، چونکە تێپەڕاندنی یاساکە وەک "ئەرکێکی نیشتمانی" تەماشا دەکات،
لای خۆشییەوە، ئەمەریکیەکان نیگەرانی خۆیان نیشانداوە لەوەی ئەوهێزە دەیەوێت خۆی لە ڕێگەی پەڕلەمانەوە بەهێزبکات، کە ئەمەش ناکۆکی گەورەی سیاسی و دیپلۆماسیی ناوخۆی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لە پەیامێکیدا، فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، داوای لە پەرلەمانتاران کرد دەنگ بە پڕۆژەیاسای نوێی دەستەکە بدەن و بە "ئەرکێکی نیشتمانی و وەفایەک بۆ شەڕکەران" ناوی برد کە وەڵامی مەرجەعیەتیان دایەوە و شکۆی نیشتمانییان پاراست، بەڵام ئەو هەنگاوە رووبەڕووی نیگەرانیی جددیی ئەمریکا بووەتەوە.
لە بەرامبەریشدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، نیگەرانیی ئەمەریکایان سەبارەت بە دوو پڕۆژەیاسای تایبەت بە حەشدی شەعبی دووپاتکردووەتەوە. ئەمە دوای پەیامێکی هاوشێوەی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دێت بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق.