ڕوانگە - لەپێناو باشترکردنی گوزەران و پاراستنی مافەکانى کرێکاران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ڕەزامەندیی لەسەر دیاریکردنی کەمترین ئاستی کرێی کرێکارانی ناکارامە لە هەرێمی کوردستان دا.

بەپێی نووسراوی ژمارە (٩٤١٠) لە (٣/٨/٢٠٢٥)، ئەنجومەنی وەزیران، پاڵپشت بە کۆنووسی لیژنەی دیاریکردنی کەمترین کرێی کرێکاریی ناکارامە، بڕیاری دا بە: - دیاریکردنی کەمترین کرێی مانگانەی کرێکارێکی ناکارامە بە بڕی ٤٥٠,٠٠٠ (چوارسەد و پەنجا هەزار) دینار. - هەروەها نابێت کرێی ڕۆژانەی ئەو کرێکارانەی بە شێوەی ڕۆژانە کار دەکەن، لە بڕی ١٥,٠٠٠ (پازدە هەزار) دینار، کەمتر بێت و مانگانە نابێت بڕەکەى لە کەمترین کرێی کرێکاریى ناکارامە کەمتر بێت.

ئەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر سەرجەم مافەکانى کرێکاران لە مووچەى خانەنشینیی دەبێت؛ مافەکانى پێکانى کار، پاداشتى کۆتاییی خزمەتى کرێکاران و سەرجەم مافەکانى تر، کە بەپێی یاسای خانەنشینى و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى بۆ کرێکاران دیاری کراون.