ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی گرنگی دەرکردنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە زیادکردن و دیاریکردنی کرێی کرێکاران، عەدنان محەمەد مارف، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان،ڕایگەیاند:" بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران زۆر گرنگە، بەڵام گرنگ ئەوەیه کە خاوەن کارەکان پابەندبن پێیەوە."
وتیشی:" بەداخەوە ئەوەندی ئێمە بزانین و ئاگاداربین، خاوەن کارەکان پابەندی ئەم بڕیارانە نابن، بۆیە دەبێت حکومەت پەیوەندی بەردەوامی هەبێت لەگەڵ سەندیکاکاندا، بۆئەوەی لیژنەکانی ئێمە، کە بە بەردەوام چاودێری بارودۆخی کرێکاران دەکەن، بتوانن ئەو بڕیارانە بەسەر خاوەن کارەکاندا جێبەجێ بکەن و پابەندیان بکەن بەو بڕیارەوە."
ڕونیشیکردەوە:" بەداخەوە زۆرجار حکومەت بڕیارێک دەردەکات، بەڵام خودی حکومەت پابەندنابێت بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە، بۆنمونە ئێمە لە گەرمیان، کارگوزاری پاککەرەوەمان هەیە لە نەخۆشخانەکاندا، کە بەپێی ئەوگرێبەستەی کە کراوە،دەبێت مانگانە 350 هەزار وەربگرێت، بەڵام مانگانە بڕی 280 هەزاری پێ دەدرێت، ئەم کەیسەمان ڕووبەڕووی دادگا کردۆتەوە، کەچی تائێستا دادگا بەدەمیانەوە نەهاتووە، وە لە مەشدا حکومەت کەمتەرخەمە بەرامبەر بە کۆمپانیاکان، چونکە وەک پێویست پارەی کۆمپانیاکان خەرج ناکات."
باسی لەوەشکرد:"کاتێک بڕیارێک لە لایەن حکومەتەوە دەردەچێت پێویستە بەدواداچوون بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارەکە بکرێت، بەڵام کاتێک ئەم هەنگاوە ناگیرێتەبەر وادەکات گرفت دروست بکات، بەڵام ئەگەر هاتوو حکومەت لیژنەیەکی دروست کرد بۆ چاودێریکردنی جێەجێکردنی بڕیارەکانی و بەدواداچوونی وردی هەبو، ئەوا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ کرێکاران و دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ئابووری ناوچەکە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە حکومەت بڕیارەکە دەردەکات و هەرخۆیشی پابەندنابێت بە بڕیارەکانەوە."