ڕوانگە - ئەگەرچی لە دونیای ئەمڕۆدا بە هەزاران سەرچاوەی جۆراوجۆری کتێب و نامیلکە و گۆڤار و ڕۆژنامە لە کوردستاندا بونیان هەیە و بە ئاسانی بەردەست دەکەون،  لەگەڵ ئەوەشدا  دەیان شوێنی تایەت بۆ خوێندنەوە بوونی هەیە، کەچی  نەک نەتوانراوە خوێندنەوە بکرێت بە کلتور، بەڵکو ڕۆژ لەدوایی ڕۆژ خوێندنەوە لە پاشەکشێدایە و تادێت ژمارەی خوێنەران بەرەو کەمبونەوە دەچێت، هەر بۆیە لە ئێستادا مامۆستایەک بیرۆکەیەکی نوێ لە کوردستاندا جێ بەجێ دەکات و دەیەوێت لەوڕێگەیەوە سەرنجی خوێنەران و بەتایبەت منداڵان ڕابکێشێت.

مامۆستا پەیمان سەمین، نوسەر و چیرۆکنووسی بواری منداڵان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" لە ڕێگەی بەکارهێنانی ژیری دەستکردەوە هەوڵمداوە بەشێک لە چیرۆکەکانی خۆمم کردووە بە ئەنیمەیشن و ڕۆژانە پێشکەشیان دەکەم.

وتیشی:"چیرۆکەکان بە دەنگی خۆم تۆماردەکەم،  دواتر لەڕێگەی کۆمپانیایەکەوە لە هەولێر، لەسەری ئەرکی خۆم و لەڕێگەی ژیری دەستکردەوە چیرۆکەکان دەکرێن بە ئەنیمەیشن ."

مامۆستا پەیمان ڕونیشیکردەوە:" ئامانجم لە بەرهەم هێنانی ئەم ئەنیمەیشنە پەروەردەیانە ئەوەیە، بەداخەوە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا تائێستاش سۆشیال میدیا و تەکنەلۆجیا زۆرجار بۆ لایەنی خراپ بەکار دەهێنرێت، بۆیە ئیدی کاتی ئەوەیە بیرلەوە بکەینەوە کە وەکو گەلی کورد ڕۆڵمان نییە لە پێشخستن و پەرپێدانی تەکنەلۆجیا و هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە لە دونیای مۆدێرنەدا بەردەستن، بتوانین بۆ لایەنی باش سودیان لێ وەربگرین."

ئاماژەی بەوەشکرد:"  سەرباری ئەوەی کە خاوەنی هەشت کتێبی چاپکراوم، کە سەرجەمیان چیرۆک و ڕۆمان و کتێبی مێژووین و تایبەتن بە منداڵ و مێرمنداڵ و تازەلاو، بەڵام دەبینین تەنانەت لەجیهانیشدا خوێندنەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە پاشەکشەدایە، بەتایبەت لە کوردستاندا تا ئێستا خوێندنەوە نەبووە بە کلتور، بۆیە ئەمە هانیدام کە بۆ ئەوەی منداڵان بێبەش نەبن لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکان و بابەتە پەروەردەیەکان بەتایبەتی، هاتوم چیرۆکە پەروەردەییەکانم لەڕێگەی زیرەکی دەستکردەوە کردووە بە ئەنیمەیشن، کە ئەمە کاریگەری زۆرباشی هەیە لەسەر منداڵ، چونکە منداڵ بەکەمترین کات لە مەبەستەکە تێدەگات."

مامۆستا پەیمان سەمین باسی لەوەشکرد:" ئەوەی وایکردووە کە ئەنیمەیشنەکان زیاتر کاریگەرییان لەسەر منداڵان هەبێت ئەوەیە، کە زۆربەی کارەکتەرەکان بە جل و بەرگی کوردییەوەن و کەسایەتییەکانی کە سایەتی ڕاستەقینەی کوردن و کراون بە ئەنیمەیشن، هەروەها بابەتەکانیش بابەتی پەروەردەین و وەها لە منداڵان دەکەن کە بزانن چۆن ئامێرە زیرەکەکان بەکاربهێنن، یاخود چۆن خۆیان لە دەستدرێژی کەسانی لەخۆیان گەورەتر بپارێزن، لەگەڵ ئەوەشدا بتوانن بەچی شێوەیەک لە کێشە خێزانییەکان تێبگەن، کە هەموو ئەمانە چیرۆکی پەروەردەین و بەدەنگی خۆم تۆماریان دەکەم."

مامۆستا پەیمان سەمین نوسەر و چیرۆکنووسی بواری منداڵان ئاشکرایشیکرد:" ئەنیمەیشنەکان دەنگدانەوەیەکی باشیان هەبووە و منداڵان بەتایبەتی زۆر ئارەزووی بینیان دەکەن، تەنانەت لە لایەن چەند لایەنێکەوە داوام لێکراوە کە لەنێو قوتابخانەکانیشدا نمایشبکرێن، چونکە لەم ڕێگەیەوە منداڵان لە کەمترین کاتدا  زۆرترین زانیاری وەردەگرن. لە سەردەمی ئەمرۆدا، تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد (AI) گۆڕانکارییەکی بەرچاوی لەسەرجەم  بوارەکاندا کردووە و ئەگەر بتوانرێت بۆ لایەنی باش سودی لێ ببینرێت، ئەوا یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا زۆرترین زانیاری گرنگ پێشکەش بە خوێنەران و بەکارهێنەرانی ئەو بوارەبدات لە کۆمەڵگادا، بەتایبەتی بەرهەمهێنانی ئەنیمەیشنی پەروەردەی بۆ منداڵان،  بەهۆی ڕەنگاڵەیی و جووڵەی ئەنیمەیشنەکان، بەخێرایی سەرنجی منداڵان ڕادەکێشێت و ئارەزووی وەرگرتنی زانیاری دەکەن."