ڕوانگە - ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران تاوتوێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی واژۆکراوی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد و عێراق جەختی لە ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی کردەوە کە ئامانج لێی دەستدرێژیکردنە سەر هەر یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ بێت.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دووشەممە ١١ی ئاب، لە شاری بەغدا پێشوازیی لە عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و شاندی یاوەری کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیێنراوێک کە لە نووسینگەی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە دەرچووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و فراوانکردنیان کراوە، هەروەها تاوتوێی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی واژۆکراوی نێوان هەردوو وڵات کراوە.
ئەعرەجی دووپاتیکردەوە کە حکومەتی عێراق "بە شێوەیەکی جددی کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی کە ئامانج لێی دەستدرێژیکردنە سەر هەر یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ بێت."
لای خۆیەوە عەلی لاریجانی ستایشی "ڕۆڵی گەورەی گەلی عێراقی" کرد لە خزمەتکردنی زیارەتکارانی ئیمام حوسێن و گەلی عێراقی بە "ئازا و بەخشندە" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ڕێگای کەربەلا ئەمڕۆ شایەتحاڵی بەخشندەیی عێراقییەکانە."
لاریجانی هەروەها ستایشی حکومەتی عێراق و سیاسەتە دەرەکییە هاوسەنگەکەی کرد، کە بە وتەی ئەو، بووەتە هۆی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە.