ڕوانگە - وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌باره‌ى هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)وه‌، ده‌ڵێت:" پابەندین بەهاوبەشیمان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌)".

 مایکڵ میچڵ وتەبێژی هەرێمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقوئەلئەوسەت ڕایگەیاندوە، وڵاتەکەی پابەندبونی خۆی بەهاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) دوپاتدەکاتەوە لەهەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی بەکرێگیراوانی داعش.

میچڵ داوای لەهەمولایەن‌و هێزەکانی سوریا کردوە دان بەخۆیاندا بگرن‌و خۆیان بەدوربگرن لەهەر ڕوبەڕوبونەوەیەک کە سەقامگیریی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا تێکبدات.

وتوشیەتی، "لەنزیکەوە چاودێریی پێکدادانەکانی ئەمدواییەی نێوان هێزەکانی حکومەت‌و چەند لایەنێکی ناوخۆیی دەکەن".

جەختی لەوەکردوه‌ته‌وه‌، حکومەتی ڕاگوزەر لەسوریا بەرپرسیارێتیی پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنیی‌و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لەئەستۆدایەو داوای لێکرد ئەوکەسانەی سەرپێچی یاسا دەکەن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات‌و خۆی لەهەر گرژییەکی زیاتر دوربخاتەوە.

پێشتریش پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، به‌گوێره‌ى پڕۆژەیاسایەکی نوێی کۆنگرێسی ئەمریکا، واشنتۆن لەپلانیدایه‌ بۆ ساڵی داهاتوو، یارمەتییە داراییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی ببڕێت، بەڵام بەردەوامدەبێت لەپێدانی بودجە بەدەزگای دژەتیرۆری عێراق‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

وه‌كو مۆنیتۆر باسیكردوه‌، کۆنگرێس ڕێگه‌ لەئیدارەی ترەمپ دەگرێت بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی سوپاى ئەمریکا لەبنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان یان هه‌ر هه‌وڵێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى هێزه‌كان.