ڕوانگە - بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی تەندروستی غەززە ئەگەری مردنی سەدان منداڵیان بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە ڕاگەیاندووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە وەزارەی تەندروستی غەززە بڵاویان کردۆتەوە،  لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە، ١٠٠ منداڵ بەهۆی ئەم کێشەیە گیانیان لەدەستداوە، و زیاتر لە ٣٠٠ منداڵیش لە مەترسیدان. 

نووسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی(ئۆچا) و هاوکارەکانی لە غەززە ئاشکرایانکردووە هۆکاری ئەم کارەساتە مرۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هاوڵاتیانی غەززە زیاتر لە ٦٢ تۆن خۆراکی مانگانەیان پێویستە، بەڵام گەیاندنی یارمەتییەکان بەهۆی ڕێگریی ئیسرائیلەوە سنووردارە، هەروەها کەمی سووتەمەنی، تەنیا ١٥٠ لیتر سووتەمەنی ڕۆژانە ڕێگەپێدراوە، کە بۆ پێویستییە سەرەکییەکان پێناکەوێت. 

لەگەڵ ئەوەشدا  هەندێک یارمەتی گەیشتووە غەززە، بەڵام زۆربەی کامیۆنەکان بەتاڵکراون یان نەگەیشتوونەتە خەڵک. 

لای خۆیەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای کردووە کارێکی خێرا بکرێت بۆ ڕزگارکردنی منداڵان و گەیاندنی یارمەتی مرۆیی و ئەوان  پێیان وایە ئەم بارە وێرانکەرە "شەرمەزاری جیهانی"ی بۆ هێناون.