ڕوانگە - نەگەڕانەوەی ئێران بۆسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بەبەرنامە ئەتۆمییەکەی، نیگەرانی هەریەکە لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیای لێکەوتۆتەوە، هەرسێ وڵات ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتۆکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە ئەگەر ئێران، نەگەڕێتەوە بۆ دانوستان ئەوا ئامادەن سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنن.

ئەم زانیاریانە لەمیانەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزدا خراوەتەڕوو، هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەشکراوە:"وەزیرانی دەرەوەی وڵاتی بەناو ترۆیکای ئەوروپی دوێنێ سێشەممە، نامەیەکیان بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان نوسیوەو ئاماژەیان بەئەگەری "پاراستنی" سزاکان کردوە ئەگەر ئێران هەنگاو نەنێت.

لەنامەکەدا وەزیرەکان وتویانه‌، "ئێمە ڕونمانکردوەتەوە، ئەگەر ئێران ئامادەنەبێت پێش کۆتایی مانگی ئابی 2025 بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، یان دەرفەتی درێژکردنەوەی درێژکردنەوەکە نەقۆزێتەوە، ئەوا E3 ئامادەیە میکانیزمی سناپباک دەستپێبکات".

هۆشدارییەکەی E3 دوای دانوستانی "جدی، ڕاشکاوانەو ورد" دێت لەگەڵ ئێران لەمانگی ڕابردودا لەئه‌سته‌نبوڵ، کە یەکەم کۆبونەوەی ڕوبەڕوو بوو لەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل‌و ئەمریکا بۆسەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران.