ڕوانگە - محەمەد شیاع سودانی پلانێکی ستراتیژی هەیە بۆ تێکەڵکردنی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ناو سوپای عێراق، لە ڕێگەی پاداشت و هاندانی ئابووری، بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەری سیاسی و سەربازیی حەشد و نزیککردنەوەیان لە دەوڵەتی مۆدێرن.
عائید هیلالی شیکەرەوەی سیاسی نزیک بە سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندووە کە حکومەت بە کردار حەشد تێکەڵی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق دەکات، نەک تەنیا لەڕووی ناوەوە.
ئەوەیشی خستۆتەڕوو:" ئامانج لەم پلانە کەمکردنەوەی نفوذی حەشدە کە ئێستا وەک سوپایەکی تایبەت دەبینرێت."
هیلالی باسی لەوەشکردووە"سەرۆک وەزیران پاداشت و هاندانی تایبەتی دابینکردووە بۆ چەکدارانی حەشد بۆ ڕازیبوونیان بەم پڕۆسەیە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی بەرگریی سیاسی دژ بە پلانەکە، هەروەها حکومەت ئەم کردارە وەک نیازی ڕاستەقینە بۆ پەیڕەوکردنی ستانداردەکانی دەوڵەتی مۆدێرن دەبینێت.
ئەم پلانە لە کاتێکدا دەدرێتە ڕوو کە حکومەت و پەرلەمانی عێراق لەژێرفشاری سیاسیدان بۆ لەکارکێشانەوەی حەشد و سنووردارکردنی ڕۆڵیان لە سیستەمی وڵات، بە تایبەت دوای ناکۆکییەکانی دروستبوو لەسەر یاسای ماف و ئیمتیازەکانی چەکدارانی حەشد.