ڕوانگە - موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە رایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی بە هەنگاوی یەکلایەنە سەرناکەوێت و پڕۆسەکە تەنها بەچەکدانان سەرناگرێت، بەڵکو پێویستە ئۆجەلانیش ئازاد بکرێت.
ئەو وتانەى قەرەیلان لەمیانەى مەراسیمێکدا هات کە لە قەندیل بەبۆنەى 15 ى ئاب، ساڵیادى هەڵگیرسانى خەباتى چەکداریی پەکەکە دژى تورکیا بەرێوەچوو، ئەوەش بەپێی میدیاى فەرمى پەکەکە.
قەرەیلان باسى بانگەوازەکانى ٢٧ـی شوبات و ١٩ـی حوزەیرانی ئۆجەلانى کرد و وتى "پێش هەموو شتێک دەبێت ئەندازیاری ئاشتی و خوشک-برایەتیی گەلان، ڕێبەر ئاپۆ، بەشێوەی جەستەیی ئازاد ببێت. دەبێت هەڵوەستە بکرێت بۆ دەرکردنی ئەم یاسایە. ئەگەر وا نەبێت، قبووڵ ناکرێت".
وتيشى "ئەمە تەنها وتەی فەرماندە و بەڕێوەبەران نییە. وتەی هاوبەشی هەموو شەڕڤان و گەریلاکانە. یاسا بۆ گەریلا دەربکرێت، گەریلا دەست لە چەک هەڵبگرێت و بە ئازادیی بگەڕێتەوە ماڵەوە، کەچی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی بە زیندانیکراوی بمێنێتەوە! ئەمە قبووڵ ناکرێت! ".
قەرەیلان باسى لەوەشکرد، بابەتێکی تر، مەسەلەی متمانەیە. ئافراندنی متمانەیە. دەبێت ئەم پێویستییە ببینرێت. ئێستە لە پەرلەمان کۆمیسیۆن پێکهێنراوە، بێگومان ئەمە هەنگاوێکی گرنگە. دەبێت دەوڵەتی تورکیا ئەم ڕاستییە لەبەرچاو بگرن. ئەگەر لەم سەردەمە مێژووییەدا، لەم ڕووەوە هەنگاوبنرێت، پرسی سەد ساڵەی کورد چارەسەر بکرێت، ئەوا لەنێوان گەلانی کورد و تورکدا، خوشک_برایەتییەکی ڕاستەقینە دێتەئاراوە.
رونیشیکردەوە "بۆ چارەسەری بنەڕەتی پرسەکە و ئاشتییەکی درێژخایەن، دەبێت هەڵوێستی قایلکەر نیشان بدرێت. ئێمە بەشێوەیەکی ستراتیژیی نزیکی ئەم خاڵە دەبینەوە. هیچ ڕێبازێکی تاکتیکی و فێڵبازانە لای ئێمە نییە. باوەڕمان بە ڕێبەر ئاپۆیە، بەشێوەیەکی جددیی و ستراتیژی لە پرۆسەکە نزیک دەبینەوە. هەڵبەتە ڕێوشوێنی خۆشمان دەگرینەبەر، بەڵام هەڵوێست و نزیکایەتییمان بەم جۆرەیە".
"ئەگەر بەرانبەرەکانیشمان وەها نزیک ببنەوە و متمانە ببەخشن، یاسای باوەڕپێکراو ئامادە بکەن، ئێمەش بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ دەکەین. بۆ بنیاتنانی کۆمارێکی دیموکراتیک لە تورکیا، ئێمە هەموو ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین. بەشداردەبین لە کۆماری دیموکراتیک".
قەرەیلان جەختیکردەوە، لەم قۆناغە مێژووییەدا، دەبێت یەکێتیی نەتەوەیی کوردان بئافرێنرێت.
لە چوارچێوەى پڕۆسەى نوێی ئاشتى، دەم پارتى و پەکەکە داواى پێدانى مافى هیوا دەکەن بە ئۆجەلان بەمەبەستى ئازادکردنى، دواى 26 ساڵ لە زیندانیکردنى لەدوورگەى ئیمراڵى، بەڵام تا ئێستا تورکیا ئەو داواکارییە رەتدەکاتەوە.