ڕوانگە - گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا رایگەیاند، پێویستە ئەو یاسایانە هەڵبوەشێنرێنەوە كە بەهۆی پرسی كوردەوە دەرچوێندراون. ئاماژە بەوەشدەدات كە دەسەڵات لە توركیا هێشتا لە روانگەی ئەمنییەوە سەیری پرسی كورد دەكات و تێڕوانینی "كۆتایی تیرۆر" تێڕوانینێكی دروست نییە. جەختیش دەكاتەوە كە بە بۆردومانی كۆبانی، ئاشتی لە ئامەد بەدی نایەت، ئێمە هێرشكردنە سەر كورد لە رۆژئاوا و باشور و مەخمور و هیچ شوێنێكی تر قبوڵ ناكەین. دەشڵێت، پێویستە لیژنەكەی پەرلەمان، وەک دانوستانکاری سەرەکی گوێ لە ئۆجەلان بگرێت.
ئەو لیژنە پەرلەمانییەی كە لە پەرلەمانی توركیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری پێكهێنراوە تاوەكو ئێستا سێ كۆبونەوەی ئەنجامداون، گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی، ئەمرۆ هەینی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی فوڕات نیوز، لەبارەی كارەكانی لیژنەكەو پڕۆسەی چارەسەری قسەی كردوە.
کۆچیگیت ڕایگەیاند، زۆر گرنگ و بەمانایە کە لیژنەكە بە بەشداری بەرفراوانی هەمو لایەنە سیاسییەکان لە پەرلەمان پێکهێنرا و بەم شێوەیە پەرلەمان ئیرادەی سیاسی بۆ چارەسەری دیموکراسیانەی پرسی کورد نیشاندا.
گوڵستان کلیچ کۆچیگیت، ئاماژەی بەوەشدا، لیژنەكە لە کۆبونەوەی سێیەمی خۆیدا، پرسی گوێگرتن لە تاک و دامەزراوەکانی تاوتوێ کردوە.
کۆچیگیت ڕایگەیاند، لەم چوارچێوەیەدا سەرەتا گوێ لە کەس و دامەزراوەکان دەگیردرێت و وتی: "بۆیە بەرنامەیەکی کار هەیە. بەڵام لەگەڵ تێپەڕبونی کات پێویست دەبێت کاتی بۆ درێژبکرێتەوە. چونکە تەنیا کۆبونەوەی هەفتانە بەس نییە. بەو شێوەیە کۆمیسیون ناتوانێت پرۆسەکە بەڕێوەببات. بە بۆچونی ئێمە پێویستە ئەم کاتە درێژبکرێتەوە و ئێمە ئەم پێشنیارەمان ڕاگەیاندوە."
کوچیگیت ڕایگەیاند، هەرچەندە ماوەی کارکردنی لیژنەكە تا مانگی کانونی یەکەم دیاریکراوە، بەڵام ئەگەر پێویست بو ئەم ماوەیە بۆ ماوەی دو مانگی تر درێژبکرێتەوە، بەڵام دەبێت تا 1ی تشرینی یەکەم هەموارکردنەوەی یاسایی بەپەلە بەپێی پێویستی پڕۆسەکە لە پەرلەمان بکرێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی وتیشی، لەم چوارچێوەیەدا پێویستە دەستبەجێ هەندێک گۆڕانکاری یاسایی کە بەهۆی پرسی کوردەوە کراون هەڵبوەشێنرێتەوە و ئاماژەی بەوەدا "پێویستە یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر هەڵبوەشێتەوە، پێویستە لە دەسەڵاتی دادوەریدا لە خوارەوە بۆ سەرەوە هەموارکردنەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی ڕادەربڕین لاببرێن. پێویستە بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی ڕێکخراوەکان لاببرێن."
کۆچیگیت جەختی كردەوە، خاڵی گرنگ لەم لیژنەیەدا بە دروستی دەستنیشانکردنی ڕیشە و هۆکارەکانی پرسی کوردە، بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی دیموکراسی کە هۆکارەکان لەناو ببات و وتی: "پێویستە یاساکانی گۆڕانکاری دیموکراسی و ئێنتگراسیۆن لەلایەن ئەم کۆمیسیۆنەوە تاوتوێ و ئامادە بکرێن."
لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە پێویستی هەوڵی هاوبەش کرد و وتی: "ئێمە پێمان وانییە هەڵسەنگاندنی پرسی کورد تەنیا لە چوارچێوەی چەکداناندا هەموارکردنەوەی بۆ بکرێت و بەم شێوەیە دروست بێت، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر هۆکاری کێشەکان، ڕوانگەیەک بخرێتەڕو کە ئەو هۆکارانە نەهێڵێت و بەو پێیەش گەرەنتی یاسایی دابنرێت."
ئاماژەی بەوەشدا کە هەم بە ناوهێنانی پرۆسەکە و هەم بە پێناسەکردنی پرسەکە، دەسەڵات هێشتا لە ڕوانگەی ئەمنییەوە سەیری پرسی کورد دەکات و ڕایگەیاند، ئێمە ڕێبازی "کۆتایی تیرۆر" بە تێڕوانینێكی دروست نازانین لەم پرۆسەیەدا.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سەرۆكی فراكسیۆنی دەم پارتی، هەڕەشەکانی سەر ڕۆژئاوا و گەمارۆدانی کەمپی مەخمور و هێرشی پۆلیس بۆ سەر رێوڕەسمی پرسەی فەرهات تونچ، گەریلای هەپەگەی بە کردەوەیەکی ئەمنی وەسف کرد و ڕایگەیاند، پێویستە لەو ڕێباز و مامەڵانە دەست هەڵگرن.
کۆچیگیت رایگەیاند، زیاتر لە 40 ساڵە هەموان لەوە تێگەیشتون کە ئەم جۆرە روانگەیە هیچ کاریگەری نییە و بە بیری هێنایەوە کە ئەم لیژنەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەرێکی هەمیشەیی پێکهێنراوە.
لەبەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "یەکێک لە کێشە گەورەکان ئەوەیە کە کوردستان دابەش کراوە بەسەر چوار وڵاتدا، ئەمەش ڕون و ئاشکرایە، بۆیە هەمو ئەم وڵاتانە لەسەر نکۆڵیکردنی ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی کورد بنیات نراون، ئێمە باس لە کێشەیەکی لەو شێوەیە دەکەین، ئێمە باسی کێشەیەک ناکەین کە تەنیا پەیوەندی بە تورکیاوە هەبێ."
وتیشی"هەر لە یەکەم ڕۆژدا وتمان لە کاتێکدا باسی چارەسەری لە تورکیا دەکەین، شەڕی کورد لە سوریا قبوڵ ناکەین. بە بۆردومانی کۆبانی، ئاشتی لە ئامەد بەدی نایەت. ئەمە ڕون و ئاشکرایە. واتە بە هێرشکردنە سەر ئازادی و مافە بنەڕەتییەکانی کورد لە باشوری کوردستان و بە هێرشەکان لەوێ، ناتوانرێت ئاشتی لە تورکیا جێگیر بکرێت، بۆیە پێویست بە سیاسەت و ڕێبازێکی یەکگرتوانە هەیە. چونکە کورد بەم شێوەیە سەیری پرسەکە دەکات. ئێمەش بەم شێوەیە دەبینین. عەقڵیەتێکی سیاسی کە ئەمە نەبینێت ناتوانێت چارەسەرێکی هەمیشەیی بێنێتە ئاراوە، ئێمەش ئەم ڕوانگەیە قبوڵ ناکەین هێرش بکرێتە سەر کورد لە ڕۆژئاوا، باشور، مەخمور و هیچ شوێنێکی تر."
گوڵستان کلیچ کۆچیگیت لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، لیژنەكە هێشتا لە سەرەتای کارەکانیدایە و بە بیری هێنایەوە کە لە هەفتەی داهاتوەوە دەست بە گوێگرتن لە تاک و دامەزراوەکان دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا "بەگوێرەی ڕۆحی پروسەکە، پێویستە لە ئیمراڵی کۆبونەوە بەڕێوەبچێت، بەڕێز ئۆجەلان بەڕێوەبەری ئەم پرۆسەیە و دانوستانکاری سەرەکی ئەم پرۆسەیەیە، ئەو لە 27ی شوبات بانگەوازی کرد، داوای لە ڕێکخراوەکە کرد و ڕێکخراوەکەش بە کۆتاییهێنان بە پەکەکە و جێبەجێکردنی پرۆسەی چەک سوتاندن وەڵامی بانگەوازەکەی دایەوە، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆن سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد گوێ لە ڕێنماییەکانی بەڕێز ئۆجەلان بگرێت ئەمە بۆ ئێمە جێگای قسەوباس نییە چیتر. هەروەها لەگەڵ پێشکەوتنی ئەم پرۆسەیە، پێویستە گفتوگۆ لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوریش بکرێت."