ڕوانگە - جوڵانەوەکەی شاسوار عبدولواحد قۆناغی دووەمی پرۆسەی ئۆپۆزسیونبونە لە هەرێمی کوردستان. نەوەی نوێ جوڵانەوەیەکی ناسیاسییە، ئەم ناسیاسیی بونەی خەسڵەتێکی گەورەی ئەم هێزە دەردەخات، لە هەندێ ڕوەوە خاڵی بەهێزیەتی و لە هەندێ لایەنی تریشەوە خاڵی لاوازیەتی.
ئۆپۆزسیون لە هەموو جێگایەکدا جیاوازە، چونکە هەمیشە ڕەنگدانەوەی کەلتوری سیاسی و جۆری سیستەمی حوکمداریی و جیوپۆلەتیک و ئابوریی ئەو جێگایەیە. ئۆپۆزسیونی کوردی بە دەر نیە لەم دۆخە. ئۆپۆزسیون لە کوردستان خاوەنی مێژو و کەلتورێکی دوور درێژ یان دەوڵەمەند نیە. هەروەها کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی لیبرال نیە، کە بواری ئەوە بدات جیاواز هەبێت و دانوستان و سازش بکات. لە هەمانکاتدا هاوبەشییە گشتیەکان دانەمەزراون، هەتا بتوانرێت بزانرێت سنوری سیاسی و ئاسایش و بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی تایبەت چیە.
نەوەی نوێ، وەک ناوێک خۆی لە پانتایی لاواندا قەتیس کردوە، ئەمە دیاردەیەکی نێگەتیف نیە، بەڵام لە هەمانکاتدا پۆلێنکارییەکی زانستیش نیە.
ئۆپۆزسیونبون لە کوردستان لە بەر نەبونی ئۆپۆزسیون، چەندێک پێویستی بە کردەی ئۆپۆزسیونییە، هێندە زیاتر پێویستی بە بونیادنانی کەلتوری ئۆپۆزسیون بونە، چ وەک حیزب، لە هەمانکاتدا وەک نەرێتی سیاسی. لەم ڕوەوە ئەوەی ڕابەرایەتی هێزێکی ئۆپۆزسیون دەکات دەبێت بیرمەندی سیاسی بێت، خوێندنەوەی دۆخی کۆمەڵگا و ئەگەرەکانی داهاتوی وێنا بکات، لە هەمانکاتدا ئەو لاوازیی و بۆشاییانە بقۆزێتەوە کە سیستەمی حوکمرانی لە کوردستان هەیەتی و بیانکاتە پانتایی خۆی. هەتا بتوانێت بنەماکانی توانای بەدیلبوون دابمەزرێنێت.
بەم پیە ئۆپۆزسیون بوون سەرباری فشاری زۆر، ئەرکی زۆریشە. بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئەمەدا، ئەو کەسەی ئۆپۆزسیون بەڕێوە دەبات دەبێت سەرۆک نەبێت بەڵکو سەرکردە بێت. جیاوازی نێوان سەرۆک و سەرکردە زۆرە. سەرۆک، لە مۆدێلی زەعیمە. زەعیم، دیاردەیەکە کە زۆربەی پارتە سیاسییەکانی ناوچەکە بە دەستیەوە دەناڵێنن. زەعیم ئەو کەسەیە کە حیزب لە خزمەتیدایە، نەک بونیادنەری حیزبە.
سەرکردە بە پێچەوانەوە کاری سەرەکی ئەوەیە کە چۆن کادیر دروست دەکات. کادیر بەبێ ئایدەلۆژیا نابێت. بزوتنەوەی گۆڕان خیتابێکی هەڵەی هێنایە ناوەوە کە پارتی سیاسی دەکرێت ئایدەلۆژیا نەبێت، بەبێ ئەوەی بیربکاتەوە، ئایا چی ئەندام و لایەنگر و کادیر و چالاکوان و هەڵسوڕاو پێکەوە گرێدەدات. وەک دۆرکایم دەڵێت، ئایدەلۆژیا ڕۆڵی چیمەنتۆ دەبینێت، وەک چۆن دین ئەو ڕۆڵە دەبینێت لە کۆمەڵگادا.
نەوەی نوێ، پرۆژەی دروستکردنی زەعیم بوو. هەرچەندە بە گشتی زەعیم خاوەن هێزی چەکدارە، بەڵام نەوەی نوێ لە بڕی چەک تەلەفزیون و پەیجی نەرمی هەبوو.
نەبونی ئایدەلۆژیا، دەبێتە مایەی نەبونی کادیر، نەبونی خەیاڵی سیاسی، نەبونی باوەڕ، نەبونی متمانە. لە هەمانکاتدا نەبونی هاوبەشی لە نێوان ئەنداماندا. ئۆپۆزسیون بە هۆی بونی دەرفەتی پەرلەمانییەوە، لە بڕی یەکبون لە نێوان ئەندامەکانی زیاتر ڕکەبەریی و ململانێ دروست دەبێت.
لێرەدا باس لە دوو خەسڵەت دەکەم کە ڕەنگە جێگای سەرنج بن، یەکەم ڕۆڵی مەعریفە لە حیزبی سیاسیدا، دووەم، ڕۆڵی دەزگا.
هیچ جولانەوەیەک یان بزوتنەوەیەک یان حیزبێک نابێتە سیاسی ئەگەر مەعریفە، لە کرۆکی ئەو بونەدا نەبێت. ئەم ڕۆژانە سەرقاڵی خوێندنەوەی لێکۆڵینەوەیەکم دەربارەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی مەعریفە لە لایەن پارتی کۆمۆنیستی چینییەوە، بە تایبەتی پاش ماو هەتا هاتنی شی، ئەم حیزبە بەردەوام لە پرۆسەیەکی کراوەدابوە لە بەردەم هەموو مەعریفە بەرهەمهاتوەکانی ناو وڵاتدا. ئەم مەعریفەیە کە دێتە ناو حیزبەوە گفتوگۆ، لێکگەیشتن، دونیابینی، هاوبەشی و ئامانج دروست دەکات. ئەو بنەمایانەی کە کاری سیاسی پێویستی پێیەتی. بەڵام حیزبی زەعیم ناتوانێت ئەمانەی هەبێت، چونکە زەعیم خۆی وەها دەبینێت کە هەموو ئەمانە لە ئەودا کۆبونەوتەوە و ئەو بە بونی هەموو ئەمانە دەستەبەر دەکات.
لە هەمانکاتدا بەبێ ئەمانە ناتوانرێت قسە لە سەر دەزگا بکرێت. نەوەی نوێ، گەرچی ناوی نوێی پێویە کەچی هەرزوو گەرایەوە بۆ بنەما تەقلیدییەکانی خزمایەتی و نزیکایەتی و هاوڕێتی بۆ قەرەبوی قەیرانی سیاسی ناو جوڵانەوەکە.
ئەمەش زیاتر هاوشێوەی ئەوانی تری کرد نەک جیاواز. هاوشێوە ئۆپۆزسیون نیە. کرۆکی ئۆپۆزسیون بون جیاوازبونە.
نەوەی نوێ ئێستا ڕوبەڕوی سەخترین قەیرانی دەبێتەوە. لە کاتێکدا ڕوبەڕی ئەم سەختیە دەبێتەوە، هەرزوو دەرکەوت کە هێزێکی لاوازە. چونکە بە زۆری خەڵکی یان وەک ناڕەزاییەک پێوە پەیوەستن یان وەک دەرفەتێک، لە هەردوو دۆخەکەدا نابنە داکۆکیکەری ئەو هێزە لە ساتە سەختەکانیدا. بۆیە ئەگەری هەیە کە ئێمە لە دوو ڕیانێکدا بین، یان ئەو جوڵانەوەیە کۆتایی دێت یان بچوک دەبێتەوە.
لە داهاتودا ئۆپۆزسیون دەبێت لەم ئەزمونە فێر بێت، فێربێت خۆی لە دیاردەی زەعیم دوور خاتەوە. هەوڵی هەبونی ئایدەلۆژییایەک بدات، لە سەروی هەمویەوە خاوەنی دەزگا بێت، هەتا نەبێت پرۆژەیەکی تاکە کەسی، بەڵکو پرۆژەیەکی کۆمەڵگایی.