ڕوانگە -  لەیادی حەفتاونۆیەمین ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند:" دامەزراندنی پارتی لە شازدەی ئابی 1946ـدا پێویستیەكی مێژوویی بوو بۆ بەردەوامی و درێژەپێدانی خەباتی گەلی كوردستان لە بەرانبەر پیلانی نەیار و داگیركارانی كوردستان كە بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی شكاندنی ئیرادە و بێدەنگكردنی خەباتی گەلی كوردستانیان دەدا. پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەرگریكردن لە ماف و پێناسە و بوونی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا ئامراز بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان."

وتیشی:"پارتی لە هەموو قۆناغەكاندا هەڵگری پەیامی ئاشتی و قووڵتركردنی فرەلایەنی و برایەتی و پێكەوەژیان بووە و لەوەدا ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە وێستگە گرنگ و یەكلاییكەرەوەكانی مێژووی سیاسیی كوردستان و عێراق بە باشی گێڕاوە."

مەسعود بارزانی ڕونیشیکردەوە:"پارتی حزبی دۆز و بەها باڵاكانی گەلی كوردستانە و، پارتی حزبی ڕێبازی بارزانی و جێگەی ئومێدی خەڵكی كوردستانە. بۆیە پێویستە هەموو پارتییەكان لە ئاست گەورەیی مێژووی حزبەكەیان و خوێنی شەهیدان بن و دەبێ ئەركی خۆیان بە باشترین شێوە ئەنجام بدەن كە خزمەتكردن و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستانە. داوا لە هەموو پارتییەكان دەكەم ئیرادە و هیوایان بەهێز بێ چونكە، پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێزە."