گۆڤاری ئارۆ-ی زانکۆی کۆیە بەرزترین ئیمپاکت فاکتەری لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان ئارۆ


Jun 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم، بڵاوی کردەوە:" بەپێی دواين هەڵسەنگاندنی (The Web of Science Core CollectionTM- Clarivate Analytics) بۆ گۆڤارە جیهانییەکان، گۆڤاری ئارۆ ئیمپاکت فاکتەری (IF=1.2)ی بەدەستهێنا.

ئەوەش خراوەتەڕو:" گۆڤاری ئارۆ، لە ماوەی نێوان ساڵی ٢٠١٦-٢٠٢٠ لەژێر چاودێری چڕی (Clarivate Analytics) بوو و لەو ماوەیەدا ژمارەی توێژینەوەکانی بەرز بووەوە و گەیشتە ئەو ئاستەی کە ئامادە بێت بۆ بەدەستهێنانی ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) و ئەوە بوو لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ لە وەشاندنی (JCR .2022) بوو بە یەکەم گۆڤار لە هەرێمی کوردستان کە ئیمپاکت فاکتەری (IF = 0.6) بە دەست بهێنیت و یەکەمی سەر ئەو شەش گۆڤارەی عێراق کە توانییان ئەو ئیندێکسە وەربگرن.


وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم، ئەوەشی ئاشکرا کردووە :" بەپێی دواين وەشانی (Clarivate Analytics) لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤ (JCR ٢٠٢٣) ئیمپاکت فاکتەری گۆڤاری ئارۆ بۆ (IF=1.2) و (IF=1.0) بەبێ خۆئاماژەپێکردن بەرزبوویەوە و بەمشێوەیە گۆڤاری ئارۆ پێگەی خۆی وەکو یەکەم گۆڤاری هەرێمی کوردستان و یەکەمی گۆڤارە ئیمپاکتکراوەکانی عێراق پاراست.

گۆڤاری ئارۆ، گۆڤارێکی ئەکادیمیی زانکۆی کۆیەیە و تایبەتە بە زانستەکانی ئەندازیاری و زانست و ساڵی دوو ژمارە بڵاو دەکاتەوە. یەکەم ژمارەی گۆڤاری ئارۆ کە شەش توێژینەوەی لەخۆ دەگرت لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو کراوەتەوە.

گۆڤاری ئارۆ، تاکوو ئێستا ٢٢ ژمارەی بڵاوکراوەتەوە کە ٢٦٧ توێژینەوەی زانستیی ئاست بەرزی توێژەرە ناوخۆیی و بیانییەکانی لە دووتوێی خۆیدا گرتووە.