بابەکر دڕەیی: تەنها ڕێگاچارەی گۆڕانکاری لە هەرێمی کوردستاندا، پەڕلەمان و بابەتی هەڵبژاردنە و هیچ ڕێگایەکی دیکە نەماوە
(0) /
ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، بابەکر دڕەیی، چاودێری سیاسی، ڕایگەیاند: جیاوازی هەڵبژاردنی ئەمجارە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا لەوەیە کە ئەم هەڵبژاردنە دواکەوتووە و چەندجارێک کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخراوە، ئەمەش وایکردووە هەڵبژاردنی ئەمجارە بایەخی هەبێت.
وتیشی: نەخشەی سیاسی کوردستان، دەمێکە گۆڕانکاری جدی بەسەردا نەهاتووە و هەروەها هەندێک هێز و لایەنی سیاسی نوێ لەم چەند ساڵەدا دروسبوون و چاویان لەوەیە لە پەڕلەماندا کورسی بەدەست بێنن، کە نەخشەکۆنەکە کە تیایدا یەکێتی و پارتی تیایدا حاکم بوون، پێدەچێت ئەمجارە ئامانە کورسی باش بەدەستبێنن و نەخشەی سیاسی لەناو پەڕلەماندا بگۆڕێت، بەمەرجێک هەڵبژاردن بە بەبێ کێشە و کەموکورتی بەڕێووە بچێت، کە من پێموایە لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکارییەک ڕوودەدات ئەمەش وادەکات ئەم هەڵبژاردنە بایەخی تایبەتی خۆی هەبێت.
لەبارەی پرسی نائومێدبوونی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بابەکر دڕەیی، ڕونیکردەوە: من پێموایە خەڵکی کوردستان لە ڕوویەکەوە حەقێتی بێ ئومێد بێت و لە لایەکیشەوە نابێت بێ ئومێد بێت، ئەوەی وادەکات بڵێین خەڵکی کوردستان حەقی خۆیەتی بێ ئومێدبێت، هۆکارەکەی بۆ کۆمەڵێک ڕووداوی گرنگ دەگەڕێتەوە، لەوانە کۆچی دوای مام جەلال و کاک نەوشیروان و سەنگەرگواستنەوەی هەندێک لە سیاسییە گەورەکان و پەڕلەمانتارەکان و چونیان لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی دیکە و پرسی ڕیفراندۆم و لەدەستچونی بەشێکی گەورەی خاکی کوردستان و بۆردومانی کردنی خاکی کوردستان لەلایەن وڵاتانەوە و هەروەها مەسەلەی دواکەوتنی مووچە، هتد... ئەمانە هۆکاری نائومێدبوونی خەڵک بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک نابێت نائومێدبێت لەوەی کە تەنها ڕێگاچارەی گۆڕانکاری لەم وڵاتەدا تەنها پەڕلەمان و بابەتی هەڵبژاردنە و هیچ ڕێگایەکی دیکە نەماوە.
بابەکر دڕەی، چاودێری سیاسی، باسی لەوەشکرد: تەنها دوو ڕێگە لە بەردەم ئێمەدا هەیە بۆئەوەی گۆڕانکاری دروست ببێت ئەوانیش ڕێگای ئینقیلاب و شۆڕش و هەروەها ڕێگای ئیسڵاحات و چاکسازییە، کە دیارە چاکسازیش هەر لەڕێگای پەڕلەمانەوە دەکرێت و ڕاستە یەکێتی و پارتی پەڕلەمانیان کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام لەڕاستیدا قبوڵی ئەوەشیان کردووە لەناو پەڕلەماندا کە کورسیەکانیان کەمی کرد، یەکێتیمان بینی کورسییەکانی کەمی کردوو دواتر توانی ژمارەی کورسیەکانی زیادبکات و پارتی دیموکراتی کوردستانیش ئەگەر بەراوردی بکەین بە هەڵبژاردنی ساڵی 1992 ئەوا دەبینین ژمارەی کورسییەکانی زۆر دابەزیووە و بۆیە من پێموایە نائومێدبونی خەڵک پەیوەندی نییە بەپێکهاتەی پەڕلەمانەوە، بەڵکو پەیوەندی هەیە بە کۆی دۆخی سیاسی هەرێمەوە.
تێبينيێك بنێرە: