باشترین كار ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌رخستنی گۆڕانكارییه‌ دیموگرافیاییه‌كان سه‌رژمێری بكرێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە سه‌رژمێری دكتۆر بێسون ئه‌حمه‌د حسێن


19 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - ئێستاكه‌ هه‌مووان به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی سه‌رژمێری ده‌ڕوانن و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی ناو عێراق و هه‌رێمی كوردستان چاویان له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانی سه‌رژمێریه‌كه‌یه‌. ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد گرنگی و بایه‌خێكی زۆری هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، چونكه‌ ئه‌و ناوچانه‌ به‌درێژای مێژوو حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌وڵی داگیركردن و ده‌ربه‌ده‌ركردنی دانیشتوانه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی داون، ئه‌وه‌ش به‌ كۆمه‌ڵێك ڕێگا و شێوازی جیاواز جیاواز.
په‌یامنێری ڕوانگه‌ بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی زیاتر له‌سه‌ر گرنگی و بایه‌خی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی سه‌رژمیری ئه‌مجاره‌ و  هه‌روه‌ها خستنه‌ڕووی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌رژمێریی ئه‌مجاره‌ش بۆ مه‌به‌ستێكی سیاسییه‌ و كورد له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ قوربانی، گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ دكتۆر بێسون ئه‌حمه‌د حسێن، سه‌رۆكی به‌شی جوگرافیا له‌ زانكۆی ڕاپه‌ڕین ئه‌نجام داوه‌.


*گرنگی و بایه‌خی سه‌رژمێریی ئه‌مجاره‌ به‌راورد به‌سه‌رژمێریه‌كانی دیكه‌ له‌ چیدایه‌؟

ئەم سەرژمێرییە جیاواز دەبێت لە سەرژمێرییەکانی ڕابردوو لەبەر ئەوەی، لە باردۆخێکی سەقامگیریی سیاسی و که‌شێکی ئابووریی باشدا ئەنجام دەدرێت. لە ڕووی دارایی و قانونی و کارگێڕیەوە لە ئاستی باڵای دەوڵەت پشگیری دەکرێت  و تەواوی پارێزگانی عێڕاق دەگرێتەوە.  وه‌ك بەکارھێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم و پێشکەتوو، نەخشە و وێنەی ئاسمانی  بۆ داخڵکردنی داتاکان و شیکارکردنیان، ڕاھێنانی ئەندامانی  دەستەی  سەرژمێری  بە شێوازێکی باش و سەردەمی .

 بەرزبونەوەی ئاستی ھۆشیاریی کۆمەڵگەی عێراقی بەگشتی و کورد بە تایبەتی لە ئێستادا  لە ڕووی ھەستکردن بە گرنگیی سەرژمێری و دەرئەنجامە باشەکانی بۆ ئێستا و ئایندەی دەوڵەت لە ڕووی پلاندانان و پەرەپێدان بە تایبەتی ھەستکردنیان بە گرنگیی ئەم پڕۆسەیە لە ڕووی سیاسی و ھەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو بارە ناھەموارەی کە لە سەرژمێریەکانی پێشو لە لایەن ڕژێمی بەعس بەسەر کوردا ھات .تۆمارکردنی داتاکان لەکات و شوێنی خۆی . پیادەکردنی ووردەکاری زیاتر و بە دەستھێنانی زانیاری تاکەکەسی زیاتر  .
لەو سەرژمێرییەدا داتاکان ڕاستەوخۆ تۆمار دەکرێن و بە کەمترین کات شیکردنەوەییان بۆ دەکرێت و ئەنجامەکانی دەدرێتەوە بە دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو بۆ کاری پلاندانان و پەرەپێدانی سەرجەم کایەکانی ژیان سودیان لێ وەربگرن. لە کاتێکدا لە سەرژمێرییەکانی پێشو دوای چەندین مانگ و ساڵ ئەنجامەکان دەردەچون ئەو کاتیش داتاکان ھیچ بەھایان بۆ دەوڵەت نەمابوو.
گەشەکردنی ئاستی زانستی لە ئێستا زیاتر کاریگەریی بەرچاوی ھەیە لە سەرکەوتنی پڕۆسەکە بەراوود بە ڕابردوو.
دەستەی سەرژمێری زۆرترین پرسیاریان ئامادە کردوە کە ٧٠ پرسیارە لە تاکەکانی وڵات دەکرێت و خۆشیان دەچنە ماڵەکان .
قەدەغەی ھاتوچۆ لە سەرتاسەری وڵات ئەنجام دەدرێت.
سزای ئەو کە سانە دەدرێت کە سەرپێچی دەکەن و  بەشداریی پڕۆسەی سەرژمێری ناکەن و یان داتای ناڕاست و نادروست دەدەن بە تیمەکان .
 لەژێر چاودێریی دەوڵەتی عێڕاق و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بە ڕێوە دەچێت.


*  بارودۆخی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌م كاته‌دا تاچه‌ند به‌ گونجاو دەزانن بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی وه‌ها گرنگ؟ 
لە تەوقیتێکی زۆر باش ئەنجام دەدرێت، چونکە لە دوای شەڕ و ململانێ و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و ھەژاری و برسییەتی و قەیرانی ئابووری لە عێراق وەک کۆتاییھاتنی شەڕی داعش و پەتای کۆرونا و قەیرانی دارایی باشترین کار ئەوەیە بۆ دەرخستنی گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان سەرژمێری ئەنجام بدەیت. 
 * ئه‌گه‌ر هاتوو به‌ ڕێكه‌وتنێكی سیاسیی نێوان عێراق و وڵاتانی ئیقلیمی، ده‌ستكاریی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌م سه‌رژمێرییه‌ كرا، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم، ئه‌و كات حكومه‌تی هه‌رێم چۆن ده‌توانێت ئه‌م ده‌رئه‌نجامانه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌؟

بیرمان نەچێت کە سەرژمێری ڕوویەکی جیۆپۆلەتیکی و سیاسیی ھەیە، بەتایبەتی  لەو ناوچانەی کە فرەنەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی تێیاندا باڵا دەستە، بۆیە پێویستە ئەو سەرژمێرییە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە وریاییه‌وه‌ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەمەبەستی بەدەستھێنانی ڕێژە و ژمارەی حەقیقی کورد بەرامبەر بە نەتەوەکانی تر  چونکە وەک ئاشکرایە کورد بە درێژایی زۆرێک لە سەرژمێرییەکان ڕووبەڕووی  بەعەرەبکردن و ڕاگواستن و ئەنفاکردن بۆتەوە  و باری‌ دیمۆگرافییەکەی  لە ناوچەکانی کەرکوک و نەینەواو  ناوچە کوردستانییەکانی تری دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان شێوێندراوە،  لەبەر ئەوە دەبێت کورد ھۆشیار بێت لە ئاستی ئەو بابەتە. لە ئەگەری ئەنجامدانی  پیلانگێڕی و فێڵکردن  دەبێت تانە لە سەرژمێرییەکە بدات و  لە پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی داننەنان( ڕەتکردنەوەی  بە سەرژمێرییەکە بسەلمێنێت) و لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێڕاقیش دەبێت کوردەکان لەو بارەیەوە ڕۆڵ و کاریگەریان ھەبێـت و لەسەر ئاسستی نیودەوڵەتی وەک کورد ڕوونی بکاتەوە کە سەرژمێرییەکە لای ئێمە پەسه‌ند نییە و ڕەتی دەکەینەوە لە بەر چەندین ھۆکار .
لە ھەمان کاتدا بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە، چونکە لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە  لاریی جیۆپۆلەتیکیی خۆمان بۆ دەردەکەوێت، بە تایبەت بەراوورد بە دەوڵەتی عێراق کە ئایا ژمارەی دانیشتوانمان بەراورد بە ڕابردوو بە ڕێژەی چەند لە ئێستادا بەرامبەر بە نەتەوەی عەرەب زیادی کردووە، چونکە چەندە ژمارەی دانیشتوانمان زۆر بێت و بگونجێت لەگەڵ داھات و ڕووبەری وڵاتمان ھێندە زیاتر دەتوانین بۆ ئایندەی ھەرێمەکەمان و چەکێکی سیاسی بۆ یەکلاکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم  بە کاری بھێنین، ھەروەھا دەتوانین وەک خاڵێکی بەھێزی جیۆپۆلەتیکی بەرامبەر بە ناوەڕاست و باشوور بۆ ئێستا و ئایندە بەکاری بھێنین.  لە زۆر ڕوانگەی وەک سیاسی – سەربازی – ئابوری – بوون بە دەوڵەت و – گێڕانەوەی ناوچە زەوتکراوەکانی کورد،  لە ھەموی گرنگتر ڕاکێشانی سەرنجی وڵاتانی دنیا بۆ زیاتر گرنگیدان بە بوونی کورد و کاریگەری و پێگە و شکۆی دانیشتوان و پێگە و شوێنی جوگرافیای کورد لە نەخشەی عێڕاق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
لە ڕوانگەیەکی ترەوە کە سەرژمێرییەکە بەباش ئەنجام درا و بێکێشە بوو، گرنگتر لە ئەنجامدانی پڕۆسەکە ئەوەیە کە چۆن دەوڵەت بتوانێت سود لە ئەنجامەکانی سەرژمێری وەربگرێت و لە پێناو پلاندانان و پەرەپێدان لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا بەکایر بھێنێت و سەرجەم وەزارەتەکان بێنە سەر خەت بۆ پڕکردنەوە و چارەسەرکردنی ھەڵە و کەموکورتییەکان لە (  بواری پەروەردە – خ. باڵا – تەندروستی – بیناسازی و ئاوەدانی -  گەشتوگوزار و پیشەسازی و بازرگانی و کۆچ  و گواستنەوە و ھاتوچۆ و کارگێڕی و سەربازی و سیاسی  و ئابووری و چاکسازیی کۆمەڵایەتی و....ھتد  پەرەپێدان بۆ ئێستا و ئایندەی دەوڵەت.

* له‌ پرسێكی وه‌ها گرنگدا حكومه‌تی هه‌رێم، تا چه‌ند سودی له‌ توانا و شاره‌زایی كه‌سانی ئه‌كادیمی و شاره‌زای وه‌ك ئێوه‌ وه‌رگرتووه‌؟
 گومانی تێدا نییە بە بێ بوونی کەسانی خاوەن ئەزموو ن و شارەزاو ئەکادیمیی خاوەن بڕوانامە بەورزەکان و پڕۆگرامساز و ئابووریناس و دیمۆگرافیناسەکان و پسپۆڕانی بواری ئامار و  شارەزا لە بواری ھاوکێشە دیمۆگرافییەکان و توێژەرانی جۆراوجۆر و مامۆستایانی زانکۆ پلاندانەران و شیکەرەوە و پلاندانەرە بەتواناکان ناتوانی پڕۆسەیەکی تەندروست لە سەرژمێری ئەنجام بدەیت. وەک پێشتر ئاماژەم پێ دا،  تۆ چی لە کۆمەڵێک داتا و ژمارەی جۆراوجۆری  زۆر ورد و ڕاست دەکەیت ئەگەر شیکردنەوە و لێکدانەوە و ھەڵسەنگاندن و نەخشەڕێگایەکی بۆ ئێستا و ئایندەی وڵاتەکەتی پێ دانەنێین و کێشە جۆراوجۆرەکانتی پێ چارەسەر نەکەیت  و پەرەپێدانی  پێ بەرجەستە نەکەیت . ھەمیشە بیرمان نەچێت سەرژمێری و دانیشتوان دوو ڕووی یەک دراون، چونکە سەرژمێریی دانیشتوان ئەنجامی دەدات و بۆ دانیشتوانیشە، واتا دەبێت لە خزمەتی دانیشتواندا بێت.