گەرمیان؛ دەزگای میدیایی ڕوانگە بەدواداچونێکی وورد بۆ کێشەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکانی ناوچەکە دەکات
(0) /
ڕوانگە - نیگەرانی و ناڕەزایەتییەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەبارەی خراپی و نەبوونی خزمەتگوزاری تایبەت بەو توێژە لە شوێنە گشتییەکاندا بەردەوامی هەیە و تائێستا حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانتوانیوە وەک پێویست لە شوێنەگشتیەکاندا مافی ئەم کەسانە لەبەرچاو بگرێت و شوێنی تایبەت بەو توێژە دابینبکرێت.
کارزان ئیبراهیم فەرمانبەر لە شاری کەلار و خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" ڕادەی پێشکەوتنی پەروەردەی و عەقڵی هەر کۆمەڵگایەک پەیوەستە بە ڕێژەی ئەو خزمەتگوزاریانەوە کە مرۆڤە کەم ئەندامەکانی هەیەتی، بەڵام لە کوردستان تاڕادەیەک ئەگەر لە ڕووە کۆمەڵایەتیەکەوە تەماشای بکەین کۆمەڵکا هیچ کەموکورتییەکی نییە و کۆمەڵگایەکی باشمان هەیە و لەنێو کۆمەڵگادا بەدەمەوەچوون و یارمەتیدانمان هەیە، بەڵام وەکو لایەنی زانستی لە نەخشەی ڕێگاوبان و دیزاینی بیناکان و شوێنە گشتیەکان بەداخەوە کەموکورتی زۆرمان هەیە.
وتیشی:" لە ناو شاری کەلاردا کەم شوێن هەیە کە گرنگیان بە خاوەن پێداویستیەتایبەتەکان دابێت و شوێنی تایبەتیان بۆ ئەو توێژە دروستکردبێت و بتوانن بەئاسانی خۆیان هاتووچۆی تێدابکەن یاخود بتوانن بەهاوکاری کەسێک سەردانی ئەو شوێنانە بکەن، کە ئەوەش تەنها لە کۆمەڵێک مۆڵ و بازاڕدا ئەوەم بەدیکردووە.
کارزان ئیبراهیم، ڕونیشیکردەوە:" بەداخەوە گرنگیدان بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت هێندە کەمە تەنانەت لە ناوەندەکانی خوێندنیشا ڕەچاوی ئەوە نەکراوە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت فەرامۆشکراون، ئەمە جگەلەوەی لە دیزاینکردن و دروستکردنی شەقامەکانیشدا ئەم بابەتە فەرامۆشکراوە لەکاتێکدا، ئێمە کۆمەڵێک کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەتمان هەیە کە ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن، بۆیە پێویستە لە شوێنەنزیکەکانی وەک ناوەندی بازاڕ شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل هەبێت بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و چاودێری ئەو شوێنانەش بکرێت، کە ئەمەش پێویست دەکات بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و ئیدارەی شارەکە ڕێکەوتنیان هەبێت لەسەر دروستکردن و چاودێریکردنی ئەو شوێنانە
کارزان ئیبراهیم، فەرمانبەر و خاوەن پێداویستی تایبەت ئاماژەی بەوەشکرد:" بەپێی یاسای ژمارەی 21ـی ساڵی 2011ـی تایبەت بەکەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەم یاسایە یاسایەکی جیهانییە و پەڕلەمانی کوردستانیش خوێندنەوەیەکی بۆکرد و پەسەندی کرد، بەڵام لە لایەن حکومەتەوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لەڕووی مادییەوە تەرخانکردنی دەوێت و لەڕووی کۆمەڵایەتی و پەروەردەی و ژینگەییەوە دەستکاریکردنێکی زۆری دەوێت و دەبێت دەستکاری نەخشەو دیزاینی زۆر شوێن بکرێت، لەوانە بازاڕ و ڕێگاکانی هاتووچۆ و شوێنە گشتیەکان، بەڵام ئەمە لە کوردستان بەگشتی گرنگی پێنادرێت و حکومەت ئەم پرۆژەیەی نەخستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەمەش وایکردووە ئەم گرفتە ناوبەناو سەرهەڵدەداتەوە و ئێمەی خاوەنپێداویستی تایبەت ناچاردەبین دەنگ بەرزدەکەینەوە و کۆمەڵێک خڵکی دڵسۆز دێنە سەرخەت لەسەرئەم پرسە، چونکە خڵک بەگشتی پیان خۆشە خزمەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بکرێت
لە بەرامبەرشیدا، هونەر مەمحود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، بۆ ڕوانگە، باسی لەوەکرد:" ئێمە وەکو وەبەرهێنان زیاتر کارلەسەر داواکاری هەرچینێک دەکەین، کە پرۆژەیەک جێبەجێدەکەین واپێویستبکات ئێمە فەرامۆشمان کردبێت، بەڵام ئەمە دەلالەتە لەوەی کە کەمتەرخەمی لە خودی ئەو چینەدا هەبووە و پێوتر هیچ نوسراوێکیان بۆ ئێمە نەکردووە.
وتیشی:" ئێمە لەگەڵ هەموو لایەن و دامودەزگاکانی حکومەت و ڕێکخراوە مرۆیەکان مامەڵەدەکەین و ئاگادارمانکردونەتەوە هەرشتێک کە بەپێویستی دەزانن بەنوسراوی فەرمی ڕەوانەی بکەن و ئێمەش لەناو پرۆژەکان جێگای دەکەینەوە.
هونەر مەحمود، ڕونیشیکردەوە:" سەبارەت بەداواکاری و گرفتەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئێمە لایەنێکی فەرمیمان هەیە کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری کۆمەڵایەتیە و وە ڕێکخراوەکانیشمان هەیە هیچ نوسراوێکی ڕەسمییان بۆ نەناردوین کە ئێمە بتوانین ئەو کۆمپانیانە پەیوەستبکەین بەوەی کە ئەوان دەیانەوێت، وە هەرکاتێکیش داواکاری ئەوان بەدەستمانبگات بۆیان جێبەجێ دەکەین.
هونەر مەمحود، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد:" هەرچەندە خۆمان درکمان بە زۆر بابەت و کەموکورتی کردووە لەنێو بازاڕ و شوێنەگشتیەکاندا و ئەوەمان خستۆتەڕوو، لەکاتێکدا ئەوە ئەرکی شارەوانیە و ئەوەی لەئەستۆی وەبەرهێنانە ئەوەیە شارەکان بەشێوازی مۆدێرن دروست دەکرێت کە دەتوانرێت لە ئێستەیشەوە هەرچییەکیان بوێ تیایدا جێبەجێ بکرێت.
لای خۆشیەوە، بەرزان عەبدولکەریم، سەرۆکی شارەوانیەکانی
گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕونیکردەوە:" ئەوەی لە توانای ئێمەدابێت و پەیوەندی بەئێمەوە هەبێت بەتایبەت پرۆژەکانی وەبەرهێنان، تەنها یەک پرۆژەی وەبەرهێنان هاتووە بۆ شارەوانی کەلار کە خەڵک داوایکردووە و شارەوانیش زەوی بۆ دابینکردووە
وتیشی:" داواکاریمان بۆبێت بۆ هەر پرۆژەیەک کە تایبەت بێت بە کەسانی خاوەنپێداوێستی تایبەت، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانیەکانی گەرمیان و سەرۆکایەتیەکانی تایبەت بەم بەڕێوەبەرایەتیەگشتییە لاری نییە و ڕەزامەندە بەهاوکاریکردن و دەستگرۆی کردنیان، ئەوەشی تایبەتە بە نەخشەسازی ناوشار لەکاتی هەموارکردنەوەی هەر نەخشەیەک لەناوشاردا ئەوەمان لەبەرچاوگرتووە کە لەناوهەمو شارەوانیەکان نەخشەسازی ناوشار و ڕێگاکاندا کەمئەندامان و شوێنی پەڕینەوەیان لەبەرچاوگیراوە، ئاماژەی بەوەشکرد: هەرپرۆژەیەک کە خزمەت بە بواری کەمئەندامان بکات سەرۆکایەتی شارەوانیەکانی تایبەت بەم بەڕێوەبەرایەتیەگشتییە هاوکار و هەماهەنگ دەبن.
سەرۆکی شارەوانیەکانی گەرمیان، ئاشکرایشیکرد:" لە سێتی نەخشەبازرگانیەکاندا شارەوانی تەنها پشکنینی لایەنە خزمەتگوزاریەکانی دەکاتەوە، ئەوانی دیکەی تایبەتە بەبەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان، لەبەرئەوە پاکێجی وەبەرهێنان بەنەخشەکەی و بەهەموو ئەوانەی کە لەناو نەخشەکەدایە پەیوەندیدارە بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنان و پێویستە ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ئەمە لەداهاتوودا بەهەند وەربگرێت.
لە بەرامبەریشدا، عەلی محەمەد حەسەن، لێپرسراوی بەشی پلان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، بۆ ڕوانگە باسی لەوەکرد:" ئێمە ژمارەیەک نوسراومان لەسەر ئەوپرسە دەرکردووە و گشتاندنمان پێکردووە بۆ ئیدارەی گەرمیان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان تیایدا ئەوەمان خستۆتەڕوو کە هەرپرۆژەیەک ئەنجامدەدرێت دەبێت لە پلانیاندا بابەتی خاوەنپێداویستیە تایبەتیەکان لەبەرچاوبگرن،
وتیشی:" هەر بەم نزیکانە لە لایەن بەڕێوەبەرێ گشتیمانەوە لیژنەیەک پێکهێنرا کە شارەوانیەکان داوای کردبوو کە ڕوماڵێکی وردی شاری کەلار بکەین بزانین پێویستە چی بۆ کەسانی خاوەنپێداویستی تایبەت بکەین و ئێمە لەکۆتایدا کۆنوسێکی دورودرێژمان کردووە و دیاریمانکردووە لەم شارەدا چی پێویستە بۆ خاوەنپێداویستی تایبەت بکرێت و وەڵاممانداوەتەوە، بەڵام بەداخەوە لایەنی جێبەجێکار وەکوپێویست نایەن بەدەم داواکاریەکانمانەوە.
عەلی محەمەد حەسەن، لێپرسراوی بەشی پلان، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی گەرمیان، ڕونیشیکردەوە:" ئێمە وەکو فەرمانگەی پەیوەندیدار ئەرکی خۆمان جێبەجێکردووە و دەتوانین هەموو نوسراوەکان دووبارە بخەینەوە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار کە لەڕابردوودا چەندە نوسراومان کردووە و وەڵام نەدراوینەتەوە،
تێبينيێك بنێرە: