پەیوەندی کورد لەگەڵ ئیسرائیل دا ئەوەندە زیانی دەبێت ئەوەندە سودی نابێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە کورد ئیسرائیل یاسین ئاشور


Nov 18, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - پڕۆفیسۆری یاریدەر، دکتۆر یاسین ئاشور، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"  پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل، پەیوەندییەکی فەرمی نییە، لەبەرئەوەی کوردستان خاوەن دەوڵەت نییە و پەیوەندییەکی دیبلۆماسی نییە، وە ئەوەی هەیە پەیوەندییەکی زۆر تەمومژاوییە لەسەر ئاستێکی زۆر نهێنی کاری لەسەردەکرێت ئەویش ئەگەر هەبێت، چونکە ڕەنگە پەیوەندی کورد لەگەڵ ئیسرائیل دا ئەوەندە زیانی هەبێت ئەوەندە سودی نەبێت، ئەویش بە حوکمی ئەوەی ئێمە هاوسنورین لەگەڵ وڵاتی ئێراندا وە بەهەمان شێوە لە ئێستادا لەگەڵ عێراقدا پەیوەندییەکانمان پەیوەندییەکی زۆر ناهاوسەنگه و حکومەتی عراق لەزۆر ڕوەوە باڵادەستە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، بۆیە ئەم پەیوەندیەی نێوان هەرێم  و ئیسرائیل پەیوەندییەکی فەرمی و قازانج بەخش نابێت بۆ هەرێم.

وتیشی:" لەڕابردوودا ئێران گومانی دەکرد کە  بنکەی ئیسرائیلی لە هەولێردا هەیە، بۆیە هەندێک شوێنی بۆردومانکرد، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش ڕەتیانکردەوە کە هیچ بنکەیەکی سەربازی یاخود هەواڵگری ئیسرائیلی لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بەڵام ئێران سەرباری ئەوەش هەرکات دڵنیابێتەوە کە بنکەی ئیسرائیل لە کوردستاندا بونی هەبێت هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت هێرش بکاتە سەر ئەوبنکانە،  ئەمە لەکاتێکدا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ بنکە و دەزگایەکی ئیسرائیلی لە کوردستاندانیە و سەرباری ئەوەش هەرێمی کوردستان مەیدانێکی کراوەیە لەبەردەم کۆماری ئیسلامی ئێراندا، بۆیە هەرکاتێک بییەوێت دەتوانێت دووبارە ئەو هەنگاوە بنێتەوە

دکتۆر یاسین ئاشور، ڕونیشیکردەوە:" ئەگەر پەیوەندی فەرمی لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل دا بێتەئاراوە و لە ئاستێکی باڵای دیبلۆماسیدا هاتوچۆکردن و لێکتێگەیشتن هەبێت ئەوا بەبڕوای من ئەو پەیوەندییە ئەوەندەی زیانی دەبێت قازانجی نابێت، چونکە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕووی ئابوریشەوە هەرێمی کوردستان پشت بە کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا دەبەستین، وە لە هەمانکاتیشدا حکومەتی عێراقیش  لێکتێگەیشتنی زۆرباشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە بۆیە لەهیچ ڕوویەکەوە ئەم پەیوەندییە یارمەتیدەرنییە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان پەیوەندی هەبێت لەگەڵ ئیسرائیل دا، 

مامۆستاکەی زانکۆی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد:" ڕەنگە بەشێوەیەکی ژێربەژێر پەیوەندی لەنێوان هەرێم و ئیسرئیل دا هەبێت، بەڵام بەئاشکرا و بەشێوەیەکی دیبلۆماسیەتیەکی ئاشکرا ڕەنگە زیانی گەورە بەرهەرێمی کوردستان بکەوێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە تاچەند گرنگە بۆ حکومەتی هەرێم کە هاوسەنگی ڕابگرێت لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانگ ناوچەکەدا؟

دکتۆر یاسین ئاشور، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، ئاشکرایکرد:" ڕەنگە ئەم پرسیارە بۆ حکومەتی عێراقی ڕاستبێت، بەڵام هەرێمی کوردستان چی لەڕێی دیبلۆماسیەوە بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆم چی لە ڕووی سەربازییەوە چی لە ڕووی جیۆپۆڵەتیکی و سیاسیەوە لەو ئاستە باڵایەدانییە کە بتوانێت هاوسەنگی بپارێزێت، چونکە  زۆرجار دەستپێشخەریەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نیە، حکومەتی هەرێم هەمیشە هەمو دەستپێشخەرییەک دەکات و هەمیشە وتویەتی سنورەکانی ئێمە بەهیچ شێوەیەک نابێتە هەڕەشە لەسەر وڵاتانی تر و ئێمە هاوکارێکی باشی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیاین، بەردەوام هەرێم و تەنانەت هێزە سیاسیەکانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، وە لە هەمانکاتیشدا دەرگایان کراوەیە بۆ وەبەرهێنەرانی وڵاتانی دراوسێ و دەبینین بازاڕەکانی هەرێم پڕن لە کاڵای ئەو دوو وڵاتە، بۆیە هەرێم دەبێت هەمیشە ڕێگە دروست و باشەکە هەڵبژێرێت کەئەویش ئەوەیە کە هاوسەنگی لەم پەیوەندیانەدا ڕابگرێت، بەڵام زۆرجار فشارە دەرەکیەکانی بەتایبەت وڵاتانی دراوسێ و ئەو بارودۆخە سیاسی و ئابووریەی لە کوردستاندا هەیە وایکردبێت هەرێمی کوردستان هەمیشە قسەکەری یەکەم نەبێت، کە ئەمەش وادەکات هەرێم بەردەوام دڵنیای بدات لەسەرئەوەی کە هاوسەنگی لە  پەیوەندییەکانیدا ڕابگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەورەترین هەڵە بۆ حکومەتی هەرێم یاخود لایەنێکی سیاسی کە کەبیکات ئەوەیە ئەم هاوکێشە سیاسیی و سەربازی و ئابووریە پشتگوێ بخات کە هەرێم هەیەتی.

پڕۆفیسۆری یاریدەر، دکتۆر یاسین ئاشور، مامۆستا لە زانکۆی گەرمیان، باسی لەوەشکرد:" بچوکتریت لێدوان کە زیان بە ئێران و تورکیا و عێراق بگەیەنێت، ئەوا بە پلەی یەکەم حکومەتی هەرێم زەرەرمەند دەبێت، وە لەوکاتەشدا ئەو هۆکارە ماددی و مەعنەویانەشی لەبەردەستدانیە کە بەرگری لەخۆی بکات،