ئەمریکا هەڵوێستی خۆیی لە سەر هاوکارییە ئابورییەکانی عێراق لە گەڵ چین و ئێران ڕاگەیاند

(0) / / ئەمەریکا / ماتیۆ تۆلەر


Jan 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

ماتیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی الرشید سەبارەت بە هاوکارییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا لە بواری ئابوری و چاکسازییەکان لەم بوارەدا، وتی: پرۆژەی لاپەڕەی سپی چاکسازییە ئابورییەکان کە لە حکومەتەکەی مستەفا کازمی خرایەڕوو، بە تەواوی لە دامەزراوە ئابورییەکانی حکومەتی عێراق ئامادە کرا و ئەمریکاش پاڵپشتیی لە جێبەجێکردنی دەکات و پێشتریش هانی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانمان داوە کە یارمەتیدەری دۆخی ئابوری عێراق و بەرەوپێشچوونی بن.

ناوبراو سەبارەت بە ڕۆڵی ئەمریکا لە هاوکاریکردنی ئابوریی عێراق وتی: حکومەتی واشنتن پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق بە بەشێک لە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دەزانێت کە دەبێت بەدەر لە چوارچێوەی ئەمنی، لە بوارەکانی ئابوری، پەروەردە و ڕۆشنبیریش هەبێت و پتەوتر بکرێت و لەم پێناوەدا 450 ملیۆن دۆلار بۆ سەقامگیریی عێراق لە کەرتەکانی کارەبا و خزمەتگوزاری هاوکاری کراوە.

تۆلەر وتی کە ئەمریکا پێی وایە کە حکومەتی عێراق بە جیدی هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە ئابورییەکان دەدات.

باڵیۆزی ئەمریکا وتی: بەدەر لە کەرتی نەوت و گاز، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە کەرتی تەندرووستی، کشتووکاڵ و گواستنەوەش لە عێراقدان و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ساڵی 2020 کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە، زیاتر لە 3 ملیار و 780 ملیۆن دۆلار بووە.

ناوبراو سەبارەت بە هاوکارییەکانی کۆمپانیای جنڕاڵ ئەلکتریک لە عێراق وتی: زیاتر لە سەدا 60 ی کارەبای عێراق لە لایەن ئەم کۆمپانیاوە دابین دەکرێت و لە پێشکەووترین کۆمپانیاکانی جیهانە و ئەوەی کە لە سەر ئەم کۆمپانیایە هەندێک جار دەوترێت پەیوەندی بە گەندڵی لە عێراقەوە هەیە.

ماتیۆ تۆلەر سەبارەت بە ڕێکەوتنە هاوبەشەکەی عێراق و چین کە لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی عادل عەبدولمەهدی واژۆ کرا، وتی: ئەمریکا هیچ ڤیتۆیەکی لە سەر هاوکارییەکانی عێراق و وڵاتانی دیکە بە تایبەت چین نییە بەڵام ئەمریکا لە ڕووی مرۆییەوە نیگەرانیی لە هەڵسووکەوتی کۆمپانیاکانی چین هەیە بە تایبەت ئەوەی کە لەو کۆمپانیانەدا ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە شەفافییەت و دەستپاکی لە بەرچاو ناگیرێت و بەدەر لەمەش ئەمریکا کێشەی لە گەڵ پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان بەغدا و پەکین نییە.

ناوبراو لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا بە ئاماژە بە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان عێراق و ئێران وتی: ئەمریکا لەوە تێدەگات کە عێراق لە گەڵ ئێران پەیوەندییەکی بەربڵاوی کۆمەڵایەتی و ئابوریی هاوبەشی هەیە و پاڵپشتی لە پەرەپێدانیشی دەکات بەڵام دەیەوێت کە ئەم پەیوەندییانە دابینکەری بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە چوارچێوەی ڕێزی بەرامبەردا بێت./.