عەبدولمەهدی بۆ دەربازبوونی عێراق لەم قەیرانە سیاسییە پێشنیاری چی کردووە؟

(0) / / ئاسیا / عادل عەبدولمەهدی


Apr 04, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق بۆ دەربازبوون لەم دۆخە چەقبەستووە سیاسییەی ئەم وڵاتە پێشنیاری کردووە کە هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی شێعە بێت.

 عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە نووسینێکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوی کردووەتەوە، بە ئاماژە بە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی ئەم وڵاتە، پێشنیاری دەربازبوون و چارەسەری خستووەتەڕوو.

لەو نووسینەدا هاتووە کە دەتوانین دۆخی وڵات بەم شێوازە ڕەهایە بهێڵینەوە تا گۆڕانکارییە بەردەوامە دەرەکییەکان لایەنە سیاسییە ناوخۆییەکان بەرەو هەڵبژاردنی بژاردەیەک هان بدەن بەڵام شتی وا نابێت و دەبێت ڕێگاچارەیەک بۆ نزیککردنەوەی داواکاری پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی لە لایەن هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی سەدر و بارزانی و حەلبوسی و پرسی پێکهێنانی فراکسیۆنی زۆرینە وەک داواکاری چوارچێوەی هەماهەنگی، بدۆزرێتەوە.

عەبدولمەهدی ڕایگەیاند کە ڕێگایەکی دەربازبوون لەم دۆخە، بانگهێشتکردنی نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی شێعەیە بۆ کۆبوونەوەیەکی دەرەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، واتە هاوشێوەی ئەوەی کە ساڵی 2006 و هەڵبژاردنی ئیبراهیم جەعفەری بینرا و کوردەکانیش دەتوانن هەمان ڕێگا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار جێبەجێ بکەن، وەک ئەوەی کە ساڵی 2014 لە نێوان فۆئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵحدا کرا.

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق وتی کە لە وەها حاڵەتێدا ئۆپۆزسیۆن لە لایەنە جیاجیاکان دەبنە فراکسیۆنی کەمینەی نیشتمانی، بە مەرجێک کە پەیرەو و پرۆگرامی ڕوون و سەرۆک و دابەشکردنیان لە نێوان لێژنە پەرلەمانییەکاندا هەبێت.

وتیشی کە فراکسیۆنی کەمینە دەتوانێت ڕۆڵی حکومەتی سێبەری هەبێت و پرسی لێپرسینەوە لە وەزیرەکان و بانگهێشتکردنی ئەوانی بە دەستەوە بێت.

عەبدولمەهدی وتی کە لە پێکهێنانی هەر دوو فراکسیۆنی زۆرینە و کەمینە دەبێت بە شێوازێک هەڵسووکەوت بکرێت کە هیچ لایەنێک هەست بەوە نەکات پەراوێز خراوە./.