بارزانی: زوڵممان لێدەکەن

(0) / / كوردستان / نێچیرڤان بارزانی


May 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە گەلی کورد لە سەردەمی دامەزراندنی عێراقەوە تا ئێستا زوڵمی لێدەکرێت و ئەگەر بەرپرسانی عێراقی دەستیان بۆ چەک نەدەبرد، ئەم هەموو کارەساتە ڕووی نەدەدا.

نێچیرڤان بارزانی لە میانەی بەشداریی لە کۆنفرانسی " ئاشتی لە ڕێگای میانەڕۆیی " وتی کە ئەگەر لایەنە عێراقییەکان میانەڕۆییان هەڵدەبژارد، ئێمە بەم قەیرانەی ئێستا نەدەگەیشتین.

ناوبراو وتی کە شەڕ و نەبوونی سەقامگیری لە عێراق بووەتە کێشە بۆ ناوچەکە وئەمەش هەڕەشەیەکە لە سەر ئاشتی جیهانی.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی کە هیچ بابەتێک هێندەی ئاشتی بۆ ناوچەکە گرنگ نییە.

بارزانی وتی کە عێراق پێویستی بە ئاشتی ڕاستەقینە هەیە تا متمانە، دڵنیایی و هەماهەنگی بگەڕێنێتەوە، ئاشتییەک کە هەمووان لە ژێر چەتری عێراقدا کۆبکاتەوە.

وتیشی کە دەبێت عێراق بە سەرجەم شەڕەکانیەوە ببێتە وانەیەک بۆ هەمووان تا بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنرێت./.