عێراق کۆتایی ناردنی بودجەی بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند

(0) / / كوردستان / عەلی عەلاوی


Jun 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە و ئەمەش دەبێتە هۆی ڕێگری لە دیاریکردنی هەر پشکە بودجەیەک بۆ هەرێم لە لایەن حکومەتی ناوەندەوە.

عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاساییبوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ڕێگری لەوە دەکات کە حکومەتی ناوەندی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق دیاری بکات.

ناوبراو وتی: لە بودجەی ساڵانی ڕابردوو لە سەدا 12 وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاری دەکرا، بە مەرجی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان داهاتی هەناردەی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات بەڵام بە کردەوە ئەم ڕێکەوتنە جێبەجێ نەدەکرا و لە جێی ئەوەش ڕێکەوتنی دیکە و کورت ماوە و کاتی لە نێوان هەولێر و بەغدا دەکرا کە بە پێی ئەوەش مانگانە 138 ملیۆن دۆلار دەدرایە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم پارە ناردنە چیدی بەردەوام نابێت.

وەزیری دارایی عێراق وتی: ئەرکی من جێبەجێکردنی دەستوورە نە پێشێلکردنی. لە بودجەی ساڵی 2021 مەرجێکی ڕوون هەبوو کە بە پێی ئەوەش حکومەتی هەرێمی کوردستان یان دەبێت پرۆسەی هەناردەی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات یان داهاتی هەناردەی نەوت ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات بەڵام ئەمەش مسۆگەر نەبووە، هەر بۆیە ناردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام نابێت.

عەلی عەلاوی وتی: ئەگەر کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوت بە ئێمە بڵێن کە بەڵگەیەکی یاسایی سەبارەت بە هاوکاری هەولێر لە بواری نەوتدا بوونی نییە، لە ڕوانگەی ئێمەوە بەو مانایە دەبێت کە هەرێمی کوردستان بە شێوازی نایاسایی وەبەرهێنان و هەناردەی نەوتی کردووە.

دادگای فیدراڵیی عێراق 15 شوباتی ڕابردوو دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی تاوتوێ کرد و یاسای نەوت و گازی ئەم ناوچەیەی بە پێچەوانەی دەستوورەوە ناو برد./.