چاودێرێکی سیاسی کورد باس لە شکستی سەردانەکەی بایدن بۆ ناوچەکە دەکات

(0) / / كوردستان / کامیل مەحمود


Jul 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

چاودێرێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە کە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا پاش شکستی پێگەی ئەو وڵاتە بووە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کامیل مەحمود چاودێری سیاسی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە سەردانەکەی ئەم دواییەی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت وڵاتی سعوودیە، وتی: سەردانەکەی بایدن پاش شکستی گەورەی ستراتیژیەتی سیاسی و سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەدیهاتنی ئامانجەکانی لە ناوچەکەدا بووە.

ناوبراو وتی: ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکە ڕێکبخاتەوە، بە تایبەت پاش ئەوەی کە بایدن هەستی بەوە کردووە ئێران لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە پەرە بە پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە دەدات.

کامیل مەحمود وتی: ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام وەک ئامانجێکی سەرەکیی سەرۆک کۆمارانی ئەمریکا لە سەردانەکانیان بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە، واشنتن بەڵێن بە تەل ئەبیب دەدات کە ئاسایشی ئەم ڕژێمە دابین دەکرێت.

وتیشی کە واشنتن لە ئێستادا دەیەوێت سعوودیە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی بکاتەوە، گەشتەکەی بایدن لە تەل ئەبیبەوە بۆ سعوودیە ئەو ئامانجە دەسەلمێنێت کە ئەمریکا دەیەوێت ئامادەکاری بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز و تەل ئەبیب بکات.

ئەو چاودێرە سیاسییە وتی کە ئەمریکا بە هۆی قەیرانی ئۆکرانیاوە ڕوبەڕوی گوشارێکی زۆر بووەتەوە، نرخی وزە لەو وڵاتەدا بەرز بووەتەوە و بایدن لە سەردانەکەیدا بۆ سعوودیە ویستی ئەوەی هەبوو کە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بە وەبەرهێنانی ڕێژەیەکی زیاتر لە نەوت ڕازی بکات.

ناوبراو وتی: پێم وایە کە پلان و ئەجێندای ئەمریکا لە ناوچەکە سەرکەوتوو نابێت، ڕۆڵی واشنتن لە هاوکێشەکان بە تایبەت لە سوریا و عێراق لاواز بووە، سەرەڕای ئەمەش دەبینین کە هاوپەیمانی عەرەبیی نزیک لە ئەمریکا لە شەڕی یەمەن زۆر بە لاوازی دەرکەوتووە و شکستی هێناوە.

کامیل مەحمود وتی: کرانەوەی ئێرانیش لە سەر ئاستی دیپلۆماسی بە ڕووی وڵاتانی ناوچەکە هۆکارێکی دیکەی سەرنەکەوتنی پرۆژەی ئەمریکا دەبێت، لە بەر ئەوەی کە واشنتن بەردەوام مەترسی ئێرانی کردووەتە ئامرازی سازشتکردن و ڕازیکردنی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بە داواکارییەکانی خۆی./.