سۆمۆ لە سەر نەوتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نوێی ڕاگەیاند

(0) / / كوردستان / سۆمۆ عەلا یاسری


Sep 19, 2022

قەبارەی فۆنت:

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق، ناسراو بە سۆمۆ، ڕایگەیاندووە کە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وتراوە نەوتی هەرێمی کوردستان نەکڕن.

عەلا یاسری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ وتی کە دادگای فیدراڵی بڕیاری هەڵوەشانەوەی سەرجەم گرێبەست و ڕێکەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بواری دەرهێنان و هەناردەی نەوتی خاو دەرکردووە.

ناوبراو وتی کە وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەندێک نەرمی نواند بەڵام لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێنەکرا و ئەمەش بووەتە هۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە.

یاسری وتی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی جێبەجێ بکات.

وتیشی کە بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وتراوە نەوتی هەرێمی کوردستان نەکڕن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ وتی کە ڕێژەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو 420 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بووە بەڵام ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی 355 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

عەلا یاسری وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتەکەی بە هەرزانتر لە نەوتی عێراق دەفرۆشێت، ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە هەرێم نەوتەکەی بە 16 تا 20 دۆلار هەرزانتر دەفرۆشێت، لە کاتێکدا کە فرۆشتن لە یەک ناوچە و لە یەک نەوتە./.