یەکێتی سکاڵای تۆمار کرد

(0) / / كوردستان / کوردستان زیاد جەبار


May 02, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند کە لە دادگای فیدراڵی سکاڵا بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە بۆ ئەوەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت.
زیاد جەبار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە گەڵ ئەوەدایە هەرێمی کوردستان بۆ سەر چوار بازنەی هەڵبژاردنەکان دابەش بکرێت بۆ ئەوەی کە هەر پارێزگایەک نوێنەری خۆی بنێرێتە پەرلەمان و بە هێندەی ژمارەی دەنگدەرانی نوێنەرایەتی خۆی بکات.
ناوبراو وتی: هەورەها تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت بە پێی داوای سەرجەم لایەنەکان نوێ بکرێتەوە لە بەر ئەوەی کە پاک و بێگەرد نییە و پێویستە تۆماری دەنگدەرانی ساڵی 2021 ی عێراق بەکار بهێندرێت.
زیاد جەبار وتی: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو زۆر هەوڵ دراوە کە بە پشت بەستن بەو ڕێکەوتنە سیاسییەی کە لە نێوانماندا کراوە بۆ ئەوەی کە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارا بکرێتەوە و یاسای هەڵبژاردنەکانیش هەموار بکرێتەوە، ئێستا بێهیوا بووین و کات نەماوە و بۆ ئەمەش پەنامان بۆ دادگای فیدراڵی بردووە و هەموو ڕێکارێکی یاسایی و دەستووری دەگیرینەبەر بۆ ئەوەی کە لە کاتی خۆیدا هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت./.