لە کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق چی گوزەرا؟

(0) / / كوردستان / عێراق


Jun 15, 2023

قەبارەی فۆنت:
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێنج شەممەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق لە هەولێر بڕیاردرا لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بە مەبەستی دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان.
لە ڕاگەێندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە کە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لە گەڵ کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووە کە لە سەر بانگهێشتەکەی بووە بۆ وتووێژ و هەنگاوەکانی ئامادەکاری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان سەردانی هەولێریان کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق ئامادەی بوو، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەر چی زووە هەنگاو بنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەبارەت بەمەش ئامادەیی سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دەربڕی.
هەروەها جنین پلاسخارت و تیمی یۆنامی پاڵپشتی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی سەرۆکی هەرێم ڕاگەیاند و ئامادەییان دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردنەکان.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەنجومەنی کۆمیسیاران سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ بانگهێشت و گرنگیدان بە ڕاگۆڕینەوە و وتووێژ، هەروەها ئامادەییان پیشاندا بە پێی یاسا و پاش دەستەبەرکردنی پێداویستییەکان و ڕێکەوتن لە سەر کاتێکی گونجاو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببەن. هەروەها بڕیار درا کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بە مەبەستی دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان./.