سەرۆك کۆمار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی لوبنان ئەنجامدا
(0) /
ڕوانگە - بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە 18-9-2024 پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بەڕێز نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان ئەنجامدا.
لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆك کۆمار بەتوندی هێرشەکەی دوێنێ (سێشەممە)ی بۆسەر لوبنان ئیدانە کرد، کە چەندین شەهید و برینداری لێکەوتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ و دەستدرێژی ناوبرد، کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.
هەروەها سەرۆك کۆمار هاوسۆزیی عێراقی لەگەڵ گەلی لوبنانی برا لەم تەنگانەیەدا دوپاتکردەوە و ئامادەیی عێراقیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ بریندارەکان دەربڕی، هاوکات سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەش کرد.
سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پشتیوانی عێراقی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان دەربڕی و هەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆسەر وڵاتەکە رەتکردەوە. هەروەك جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بگرێتەئەستۆ بۆ وەستاندنی جەنگ لەدژی گەلی فەڵەستین بەتایبەتی لە کەرتی غەززە و رێگەگرتن لەهەر هەوڵێك بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکە.
لەلای خۆیەوە بەڕێز نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانیی گەل و حکومەتی عێراق بۆ لوبنان دەربڕی لە ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی کە لەڕابردودا روبەڕوی بوەتەوە.
تێبينيێك بنێرە: