سەرۆك کۆماری عێراق بەشداری لە پرسەی ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی کرد

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان


May 25, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار بەشداری لە پرسەی ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك کۆماری ئێران و هاوەڵانی کرد و سەرەخۆشی لە سەرکردایەتی و گەلی ئێران دەکات 

سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ شەممە 25-5-2024 لەگەڵ وەفدی یاوەری بەشدارییان لە کۆڕی ماتەمینی و پرسەی ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك کۆماری کۆچکردووی ئێران و هاوەڵانی کرد، کە لە حوسێنیەی ئیمام خومەینی لە تارانی پایتەختی ئێران بەڕێوەچو.
بەڕێز سەرۆك کۆمار بەبۆنەی کۆچی دوایی سەرۆك ئایەتوڵڵا ئیبراهیم رەئیسی و ئەمیر حسێن عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیان لە روداوە دڵتەزێنەکەی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا، پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بەڕێز عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و لێپرسراوانی باڵای ئێران کرد.
سەرۆك کۆمار هاوسۆزی و هاوخەمی قوڵی خۆی بۆ بەڕێز عەلی خامنەیی و گەلی  ئێرانی دۆست بۆ ئەو روداوە دڵتەزێنە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق لەم کارەساتە گەورەیەدا هاوشانی ئێران دەوەستێت.
سەرۆك کۆمار ستایشی هەڵوێستەکانی سەرۆکی کۆچکردوو ئیبراهیم رەئیسی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە عێراق و هەوڵەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، جگە لە رۆڵی دیار و بەرچاوی لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا و وەستانی لەگەڵ گەلی فەڵەستینی برا، کە روبەڕوی دڕندەترین جۆرەکانی دەستدرێژی دەبێتەوە.
سەرۆك د.لەتیف جەمال رەشید خەم و پەژارەی خۆی بۆ ئەو روداوە دەربڕی، کە پێش سەردانێکی چاوەڕوانکراو و گرنگی  سەرۆکی کۆچکردوی کۆماری ئێران بوو بۆ عێراق بەمەبەستی تاووتوێکردنی پەیوەندییە بەهێزەکانی نێوان هەردوو وڵات و رێگاکانی پتەوکردنیان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەشێوەیەك کە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێ بەدیبهێنێت.
لای خۆیەوە بەڕێز عەلی خامنەیی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەڕێز سەرۆك کۆمار دەربڕی بۆ ئامادەبوونی لە پێشکەشکردنی پرسە و سەرەخۆشی، هەروەها سوپاسی گەلی عێراقی کرد بۆ هەست و هاوسۆزییان لەگەڵ گەلی ئێران، جەختی لەسەر ئەو پەیوەندییە بەهێزانەش کردەوە، کە هەردوو وڵات پێکەوەدەبەستنەوە و پێویستی درێژەدان بەڕێگای بەهێزکردن و پەرەپێدانیانی دوپاتکردەوە.
هەروەها لە پرسەکەدا وەفدی یاوەری سەرۆك کۆمار ئامادەبون، کە پێکهاتبون لە بەڕێزان عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی پێشوتر، د.حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شێخ هومام حەمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، ئەبوکەرار فرێجی ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی نەهجی نیشتمانی، رەیان کلدانی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی بابلیون، خاتوو ڤیان سەبڕی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، د.خالد شوانی وەزیری داد، ئەندازیار نزار ئامێدی وەزیری ژینگە، مەحمود ئەلمەشهەدانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، خالد ئەلعوبەیدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، سەلیم جبوری سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ژمارەیەك لێپرسراوی باڵا هاوڕێی بەڕێز سەرۆك کۆمار بون.