وەزارەتی دارایی هەرێم: بانکی TBI کارتی بانکیی 368 فەرمانبەری ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد

(0) / / كوردستان / ڕوانگە کوردستان هەژماری من


Jun 04, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکانی ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد.

 وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) ڕایگەیاند: لەچوارچێوەی پرۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پرۆژەی هەژماری من، بانکی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI)  یەکەمین کۆمەڵەی کارتە بانکییەکان ڕادەستی تیمی هەژماری من کرد، کە پێک هاتبوو لە کارتی بانکی (368) فەرمانبەری سەرجەم وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپەرۆشەوە چاوەڕێی وەرگرتنی کارتە چاپکراوەکانی دیکەی بانکەکەیە بە زووترین کات بتوانێت کارتەکان ڕادەستی ئەو فەرمانبەرانە بکات کەوا بانکی ناوبراوییان هەڵبژاردبوو. 

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە: "هیوادارین سەرجەم مووچەخۆران بەردەوام بن لە تۆمارکردنی خۆیان لە پرۆسەی بە بانکیکردن لەڕێگەی هەڵبژاردنی یەکێک لەو حەوت بانکانەی کە ئێستە لە پڕۆژەی هەژماری مندا بەردەستن".

به‌ گوێره‌ی ئامارەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.

ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا حەوت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه‌)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) لەخۆ دەگرێت.