سەرۆك کۆمار پێشوازی لە وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت دەکات

(0) / / عێراق / ڕوانگە کوردستان


Jun 13, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ بەڕێز سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید پێشوازیکرد لە بەڕێز د.عەلی باقری کنی وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەکالەت و وەفدی یاوەری و د.فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەش ئامادەبو.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-6-2024 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت و وەفدی یاوەری، سوپاس و پێزانینیان ئاراستەی سەرۆك کۆمار کرد بۆ بەشداریکردنی لەڕێوڕەسمی پرسەی سەرۆك کۆماری ئێران و هاوەڵانی، کە بەڕووداوی کارەساتباری هێلیکۆپتەر گیانیانلەدەستدا.
لە دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار هاوسۆزیی گەلی عێراق و پشتیوانی بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لەم هەلومەرجە سەختەدا دوپاتکردەوە، رۆڵی سەرۆكی کۆچکردو ئیبراهیم رەئیسی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرزنرخاند و هیوای خواست هەڵبژاردنی داهاتوی سەرۆکایەتی سەرکەوتوبێت و ویستی گەلی ئێران بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بەدیبهێنێت.
هەروەها سەرۆك کۆمار ئاماژەیکرد بە بەهێزی پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەردوو وڵات و پێویستیی کارکردنی هاوبەش بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندیانە لەسەر بنەمای هاوبەشی مێژوویی و ئایینی نێوان هەردوو گەلی دراوسێ، هاوکات جەختیکردەوە لە گرنگی هاریکاری لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و گەشتوگوزار و وزە، سەرەڕای هاوئاهەنگی و راوێژ لەبارەی بابەتەکانی جێی بایەخی هاوبەش.
سەرۆك کۆمار تیشکیخستەسەر رێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و کاریگەری ئەرێنی لە چەسپاندنی ئاسایشی سنورەکان و سەقامگیری لە هەردوو وڵات بەشێوەیەك کە خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش بکات، هەروەها پەرۆشی عێراقی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان بۆ پەرەپێدان و هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دوپاتکردەوە بەشێوەیەك کە خزمەت بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بکات.
هەر لەو دیدارەدا باس لە پێشهات و دۆخی فەڵەستین کرا و لەوبارەیەوە سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی کارکردن بۆ دەستبەجێ راگرتنی جەنگ و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و رێگریکردن لە فراوانبوونی روبەری جەنگ لە ناوچەکەدا، کە ئەگەر فراوان ببێت ئەوا لێکەوتەی ترسناکی دەبێت. دوپاتیشیکردەوە، عێراق پشتگیری لە گەلی فەڵەستین دەکات بۆ بەدیهێنانی تەواوی مافی رەوای خۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر خاکی خۆی.
لەلایەن خۆیەوە د.عەلی باقری هەوڵەکانی سەرۆك کۆماری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرزنرخاند و پەرۆشیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی بنیاتنەر لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا دوپاتکردەوە لەپێناو هێنانەدی ویستی هەردوو گەلی دۆست بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا.