ئایا لایەنە کوردییەکان لە سەر کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح دەگەنە ڕێکەوتن؟

(0) / / كوردستان / بەرهەم ساڵح


Jan 04, 2022

قەبارەی فۆنت:

وتووێژی نێوان لایەنە کوردییەکان و بە دیاریکراوی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر پێکهێنانی شاندێکی دانوستانکاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بەردەوامە و باس لەوە دەکرێت کە بەرهەم ساڵح ڕەنگە وەک کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکرێتەوە.

بڕیارە پارتی و یەکێتی پێشنیارەکانی خۆیان پێش بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە 9 ی کانوونی دووەمی 2020 ئاراستەی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم وڵاتە بکەن.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە سەر وەرەقەیەکی هاوبەشی دانوستان لە گەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەم وڵاتە لە ڕێکەوتن نزیک بووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە باس لەوە دەکرێت کە یەکێتی ئەمجارەش بەنیازی کاندیدکردنەوەی بەرهەم ساڵحە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، هەرچەندە باس لە ناوەکانی دیکەش لەم حیزبەدا دەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پارتی بەردەوام ڕایگەیاندووە کە دەستنیشانکردنی کاندیدی کورد بۆ سەرۆک کۆماریی عێراق دەبێت بە پێی ڕێکەوتنی کوردی بێت. ئەوەش کە لە میدیاکاندا بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لە سەر کەمکردنەوەی دوو کورسییەکەی پارتی لە بەرهەم ساڵح نیگەرانە.

سەرچاوەیەکیش ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی کۆماری عێراق جێی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان نییە بەڵکوو بابەتی گرنگتر ئەوەیە کە لایەنەکان لە سەر ناردنی شاندێکی هاوبەشی کوردی بگەنە ڕێکەوتن./.