کێشەی سەرۆک کۆمار وەک خۆی ماوەتەوە

(0) / / كوردستان / مەسعود بارزانی بافڵ تاڵەبانی


Jul 05, 2022

قەبارەی فۆنت:

ڕۆژنامەیەک ئاشکرای کردووە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان مەرجێکی خستووەتە بەردەم لایەنەکانی چووارچێوەی هەماهەنگی لە بەرامبەریشدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێداگرە لە سەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە لایەن حزبەکەی و بەرهەم ساڵحەوە.

ڕۆژنامەی " الشرق الاوسط " ڕۆژی سێ شەممە 5 ی تەمموزی 2022 بڵاویکردووەتەوە کە مەرجی مەسعود بارزانی بۆ دانوستانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە گەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەیە کە پاڵپشتی لە ڕێبەر ئەحمەد وەک کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار بکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پارتی و یەکێتی کردووە چیدی درێژە بەم بنبەستە سیاسییەی عێراق نەدەن و لە سەر دەستنیشانکردنی کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگەنە ڕێکەوتن.

ڕۆژنامەکە لە سەر زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاندووە کە بافڵ تاڵەبانیش سوورە لە سەر سەرخستنی بەرهەم ساڵح وەک کاندیدی یەکێتی و لە ئێستاشدا بە هۆی پاڵپشتی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ئەو شانسەی زیاترە./.