بەرهەم ساڵح داوایەک لە وڵاتانی عەرەبی و ئێران دەکات

(0) / / ئاسیا / بەرهەم ساڵح


Jul 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند کە لە وتووێژە ناوچەییەکانی ئێران چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کراون و ڕێکەوتنی نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی گرنگییەکی زۆری بۆ ناوچەکە دەبێت.

 بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی کەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریکی وەڵامی چەندین پرسیاری سەبارەت بە سەردانەنەی جۆبایدن بۆ ناوچەکە و سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە دایەوە.

ناوبراو سەبارەت بە وتووێژە ناوچەییەکانی ئێران وتی: عێراق ڕۆڵی گرنگی لە نێوەنگێڕیی نێوان ئێران و سعوودیە هەیە، دانوستانی زۆر لە نێوان ئێران و دراوسێ عەرەبەکان لە بەغدا بەڕێوەچوو، لەو دانوستان و وتووێژانەشدا چەندین پرسی گرنگ تاوتوێ کران.

سەرۆک کۆماری عێراق سەبارەت بە دۆسیەی ناوەکی ئێران وتی: دەبێت ڕێکەوتنێکی ناوەکی لە گەڵ ئێران هەبێت، وەک چۆن کە پێویستە چەشنێک ئاشتی و ڕێکەوتن لە نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی هەبێت.

بەرهەم ساڵح بە ئاماژە بە کاریگەری دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە سەر عێراق، ناوچەکە و جیهان، وتی: هیچ چارەسەرێکی سەربازی بوونی نییە و ئێمە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان پێویستمان بە شێوازێکی دیپلۆماسی هەیە، ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستمان بە سیستەمێکی ئەمنی هەیە کە بتوانێت وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم کە کێشەیەکی گەورەیە، کۆبکاتەوە.

ناوبراو سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراقیش وتی: ئێمە دەبێت لە سەر یەک مێز کۆببینەوە و سەبارەت بەو پرسانەی دەنگدەران لە ئێمەی داوا دەکەن، وتووێژ بکەین، لە کۆتاییدا بەو دەرەنجامە دەگەین کە بەڵێ ئەمریکا گرنگە، جیهان گرنگە، بەڵام لە هەمان کاتدا بابەتە پەیوەندیدار و یەکەمایەتییەکانی خۆمانیش لە بەشێکی ئەم جیهانە گرنگەدان.

سەرۆک کۆماری عێراق لە بەشێکی دیکەی ئەو چاوپێکەوتنەدا سەبارەت بە سوریا وتی: لە کۆتاییدا سوریا دەبێت بۆ کۆمەڵەی وڵاتانی ئێمە بگەڕێتەوە و دەبێت ڕێگایەک بدۆزینەوە تا سوریا لەو کێشە و گرفتەی چەند ساڵێکە بەرۆکی گرتووە، ڕزگار بکەین.

بەرهەم ساڵح وتی: کاتێک ئێمە لە سەر تەوەرە سەرەکییەکانی کێبڕکێی نێوان وڵاتان، لە نێوان ئێرانییەکان و سعوودییەکان، لە نێوان ئەم وڵات و ئەو وڵات ورد دەبینەوە، لە ئاکامدا دەبینین کە کێشەی گەورەتریش لە بەردەم هەر وڵاتێکدا لەوپەڕی جیهانیش هەیە. نامانەوێت بۆ ڕابردوو بگەڕێینەوە، شوێنێک کە بەشێک لە بەرەنگاربوونەوەیەک لە دژی لایەنێکی دیکەین، لە بەر ئەوەی کە پێشتر ئەم کارەمان کردووە و تێچوویەکی زۆرمان هەبووە./.